نێچیرڤان بارزانی: هەرێمی کوردستان سەرچاوەی هەڕەشە نییە بۆ ئێران / کۆماری ئیسلامی ئێران دراوسێیەکی گرنگی ئێمەیە

(0) / / کردستان / زایەڵە ئێران نێچیرڤان بارزانی هەرێمی کوردستان


Oct 10, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە؛ "وەکو بنەما، دروست نییە بەپێی هیچ یاسایەکی نێودەوڵەتی، وڵاتی عێراق ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ هیچ یەک لە دراوسێکانی. یاسای نێودەوڵەتیش ئەو مافە بە کەس نادات کە وڵاتەکەی ببێتە ناوچەیەکی پارێزراو بۆ ئەوەی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتانە، لە وڵاتی ئێمەدا راهێنانیان پێ بکرێت و وەکو ناوچەیەکی پارێزراو سوودی لێ وەربگرن و بچن بۆ وڵاتێکی دیکە و ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجام بدەن و بگەڕێنەوە."

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداری لە پانێڵێکی دیداری مێری کرد بە ناونیشانی "بەدامەزراوەییکردنی پەیوەندی فیدراڵ-هەرێمییەکان: پرۆسەیەک کە لەمێژە دواکەوتووە".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە وەڵام بەو پرسیارە کە ئێوە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بوون، کە کێشە لەگەڵ بەغدا دەبوو، چەند جارێک دەڕۆیشتی بۆ بەغدا و ئەگەر جارەسەر نەبووبا، سەردانێکی تارانت دەکرد و دوایی دەچوویەوە بەغدا و کێشەکە چارەسەر دەبوو، ئێستا ئەم شتانە ناکرێت؟ وتی: چارەسەری کێشەکانی ئێمە لە بەغدایە و لە هیچ شوێنێکی دیکە نییە. ئێران دراوسێی ئێمەیە، سەردانی ئێران دەکەین، بەڵام وەکو باسم کرد، ئێمە بیانی نین و خاوەن ماڵین. بەیەکەوە ئەو کارانەمان کردووە کە ئاماژەم پێدان، لەبەر ئەوەی خۆمان بە خاوەن ماڵ دەزانین، دەبێ پێکەوە لەگەڵ برایانمان لە بەغدا بە حەوسەڵە و بێ موجامەلە دابنیشین و کێشەکان چارەسەر بکەین.

نێچیرڤان بارزانی لە وەڵام بەو پرسیارەش کە ئێران داوای لە هەرێمی کوردستان کردووە کە هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان کە وەکو پەنابەری سیاسی لە هەرێمی کوردستانن، دوور بخرێنەوە. پێناچێت لە پەیامەکانی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان یەکدەنگییەک هەبێت و هەر یەکە و شتێک دەڵێت. د. فوئاد حوسێن چوو بۆ ئێران و گوتی، "ئێمە دوورمان خستوونەتەوە و پابەندیی خۆمان جێبەجێ کردووە". قاسم ئەعرەجیش بە هەمان شێوە باسی کرد، بەڵام ئێران هەمیشە جۆرە هەڕەشەیەک لە هەرێمی کوردستان دەکات و لە رابردووشدا 12 مووشەکی لە هەولێر گرت. ئێوە چۆن هەڵسوکەوت لەگەڵ ئێران دەکەن؟ ڕایگەیاند: وەکو بنەما، دروست نییە بەپێی هیچ یاسایەکی نێودەوڵەتی، وڵاتی عێراق ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ هیچ یەک لە دراوسێکانی. یاسای نێودەوڵەتیش ئەو مافە بە کەس نادات کە وڵاتەکەی ببێتە ناوچەیەکی پارێزراو بۆ ئەوەی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتانە، لە وڵاتی ئێمەدا راهێنانیان پێ بکرێت و وەکو ناوچەیەکی پارێزراو سوودی لێ وەربگرن و بچن بۆ وڵاتێکی دیکە و ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجام بدەن و بگەڕێنەوە. جگە لەوە، بەغدا لەگەڵ تاران رێککەوتنێکی ئەمنییان واژۆ کردووە. ئێمە لە هەرێمی کوردستان وەکو بەشێک لە عێراق پابەندی جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنەین. ئێمە پابەندین و ئەوەی تاوەکو ئێستاش کردوومانە، بەپێی ئەو رێککەوتنە بووە. لە بەغداش کە ئێستا بەڕێز قاسم ئەعرەجی دۆسیەکە بەڕێوەدەبات و لە هەرێمی کوردستانیش وەزیری ناوخۆ بەڕێوەی دەبات، هەنگاوی یەکجار زۆر بەرەو پێشەوە رۆیشتووین و لەم بابەتەدا پێشکەوتنی باش بەدەستهاتووە و ئێمە دیسانیش پێداگری لەسەر ئەو بنەمایە دەکەینەوە، هەرێمی کوردستان سەرچاوەی هەڕەشە نییە بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران. کۆماری ئیسلامی ئێران دراوسێیەکی گرنگی ئێمەیە و سنوورێکی دوور و درێژمان لەگەڵی هەیە و دەمانەوێ ئەو کێشانە بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن. بۆ هەنگاوەکانیش بە پێچەوانەوە، هەنگاوی باشمان بەرەو پێش ناوە. ئەوەی من ئاگاداربم، تا رادەیەکی زۆریش کۆماری ئیسلامی ئێران سوپاسگوزارە بەم هەنگاوانە.