250 تۆن پەتاتەی هەرێمی کوردستان هەناردەی عەرەبستان دەکرێت

(0) / / اقتصادی / زایەڵە پەتاتە کوردستان عەرەبستان


Oct 23, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - لە قۆناغی دووەمدا 250 تۆن پەتاتەی هەرێمی کوردستان رەوانەی وڵاتی سعوودیە دەکرێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان رێککەوتنی لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی سعوودی کردووە کە بڕی سێ هەزار تۆن پەتاتەی هەرێمی کوردستان هاوردەی وڵاتەکەیان بکەن، ئەمڕۆ دووشەممە 23/10/2023،  250 تۆن پەتاتە لە هەولێرەوە هەناردەی ریاز دەکرێت.

لەوبارەوە هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر بە کوردستان24ی گوت: "گرنگی پێدانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کەرتی کشتوکاڵ وایکردووە لەم چەند ساڵەی دواییدا بەرهەمی جووتیارانی کوردستان زیاد بکات، ئەمساڵ تەنیا لە سنووری هەولێر 600 هەزار تۆن بەرهەممان رەوانەی دەرەوەی هەرێمی کوردستان کردووە و توانیومانە سەبەتەی خۆراکی شارەکانی دیکەی عێراق پڕ بکەینەوە".

گوتیشی: "ئەمڕۆ قۆناغی دووەمی پەتاتەی کوردستان بۆ وڵاتی سعوودیە هەناردە دەکرێت، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە بەرهەمی هەرێمی کوردستان خواستی لەسەرە".

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بارزگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان جەختیکردەوە، کابینەی نۆیەم و خودی سەرۆکی حکومەت گرنگی تایبەتی بە کەرتی تایبەت و کشتوکاڵی داوە، بۆ ئەوەی بەرهەمی ناوخۆ زیاد بکرێت.

ئاماژەی بەوەشدا، هەرێمی کوردستان لە سەرەتای قۆناغێکی نوێدایە بۆ بە بازاڕکردنی بەرهەمەکانی لە دەرەوەی وڵات، ئەوانیش وەکو وەزارەتی بازرگانی هاوکاریی و ئاسانکاری دەکەن بۆ ئەو بازرگانانەی دەیانەوێت بەرهەم هەناردە بکەن.

هەفتەی رابردوو 100 تۆن پەتاتەی کوردستان رەوانەی وڵاتی سعوودیە کراوە، ئەمڕۆش 250 تۆنی دیکە هەناردە دەکرێت.

پێشتر حکومەتی هەرێم، رێککەوتنێکی دیکەی لەگەڵ ژمارەیەک کۆمپانیای ئیماراتی کردووە کە 10 هەزار تۆن پەتاتەی کوردستان هەناردەی ئەو وڵاتە دەکرێت.