لە چیای زۆزک، بەردی بناغەی کەمپێکی شاخەوانی دانرا

(0) / / ورزش / زایەڵە وەرزش شاخەوانی کوردستان


Oct 26, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە ـــ بە بەشداری د.ئەنوەر عەلی محەمەد، سەرۆکی فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان و گرووپەکانی سەربە ناوەندی سۆران- فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان،  بەردی بناغەی کەمپی شاخەوانیی چیای زۆزکیان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دانرا.

بەگوێرەی ئەو پلان و بەرنامەیەی کە ماوەی چەند مانگێکە کاری لەسەر دەکرێت، کار لەسەر کردنەوەی کەمپێکی شاخەوانیی لە ناوەڕاستی چیای زۆزک دەکرێت کە بۆ ھەموو تەمەن و ڕەگەزێک دەبێت سەردانی بکات، ئامانجیش لێی  بە کولتوورکردنی وەرزش و گەشت و گەڕانی ناو سرووشت و کار ئاسانییە بۆ مانەوە و پشوودانی شاخەوانان و گەشتیاران لە وەرزە جیاوازەکانی ساڵدا.

پڕۆژەی کەمپی چیای زۆزک لەلایەن ناوەندی سۆران- فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستانەوە سەرپەرشتی و جێبەجێ دەکرێت و  ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش ھەموو چەشنە ھاوکاری، ھەماھەنگی و کارئاسانییەکی بۆ ئەم پڕۆژەیە دەربڕیوە.

بەرپرسانی باڵای فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان پێشتر  لەوبارەوە ڕایانگەیاندبوو، لەچیای زۆزک کەمپێکی شاخەوانیی و سێ ڕێڕەوی شاخەوانیی دەکرێنەوە کە بۆ داھاتوو کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر پێشخستنی شاخەوانییەکی مۆدێرن دەبێت لە ھەرێمی کوردستان و بەتایبەت لە دەڤەری ئیدارەی سۆراندا.

پێشتریش شاندێکی فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان، بە نووسراوی فەرمی داوایان لە بەڕێوەبەری گشتی کاروباری مین/ ھەولێر کرد کە ھاوکاربن بۆ ڕووپێویکردنی بەشێکی ئەو ڕێڕەوەی کە لە چیای"زۆزک"دەکەوێتە سنووری پڕۆژەی درووستکردنی ئەو کەمپە شاخەوانییەوە، ئەوانیش ھەموو چەشنە پاڵپشتی و ئامادەییەکی خۆیانی بۆ فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان ڕاگەیاندووە و  ئاماژەیان بەوەداوە کە پاڵپشت  دەبن بۆ سەرخستنی ئەو پڕۆژە گرنگە و نەھێشتنی ھەرچەشنە مەترسی و بەربەستێک لەم بارەوە بێنە سەر ڕێگا و لەداھاتوویەکی نزیکیشدا دەست بەکار دەبن.

فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان
بەشی ڕاگەیاندن