گەشتی گرووپی شاخەوانی هەورێ بۆ لووتکەی کێلە گیسک لە سەفین

(0) / / ورزش / زایەڵە شاخەوانی گەشت سەفین


Oct 28, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - گرووپی شاخەوانی هەورێ گەشتێکی بۆ لووتکەی کێلە گیسک لە چیای سەفین ڕێکخست.

گروپی شاخەوانی هەورێ ٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ پاش ئەنجامدانی گەشتێک بۆ لووتکەی کێلە گیسک لە سەفین ڕایگەیاند؛ شاخەوانی تەنیا بریتی نییە  لە وەرزشێک کە بۆ بەسەر بردنی کات بێت. بەڵکو وەرزشێکە تاکو لە لوتکەکانەوە جوانتر ببینین و جیاوازتر بیر بکەینەوە.

لە درێژەی نووسینی ئەم گرووپەدا هاتووە؛ شاخەوانی  وەرزشێکە فێرمان دەکات بە کۆمەڵ بۆ یەک ئامانجی دیاریکراو بڕۆین و لەوێوە تێدەگەین گەیشتن بە لوتکە بەبێ گیانی هاوکاری چێژێکی وانییە. تێدەگەین، سروشت چ جیهانێکی شاراوەیەو دەکرێت لە هەر گەشتێکدا شتێکی نوێمان فێر بکات.

ئاماژە بەوەش دراوە؛ لەو ڕوانگەیەوە هەموو هەفتەیەک، گروپی شاخەوانی هەورێ گەشتێکی شاخەوانی ڕێکدەخات، بە گیانی هاوکاری و بە بەشداری شاخەوانەکانی. گەشتی ئەمجارەی گروپی شاخەوانی هەورێ بە بەشداری هەشت شاخەوان، بۆ لوتکەی کێلە گیسک بوو لە چیای سەفین. ئەو لوتکەیە ١٨٩٥ مەتر لەئاستی ڕووی دەریاوە بەرزەو دەڕوانێتە سەر شاری هەولێرو بەشێ زۆری گوندەکانی بناری سەفین.