قائیمقامی دەربەندیخان لە هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی شارەکە
(0) /
زایەڵە - قایمقامیەتی دەربەندیخان ڕایگەیاند: (سڵێمان محەمەد سەعید) قائیمقامی دەربەندیخان، ڕۆژی سێ شەمە بەرواری ٣١/١٠/٢٠٢٣ بەئامادەبوونی نوێنەری کۆمپانیای ئۆهیتان سەردانی وەزارەتی دارایی و ئابوورییان کردو لەلایەن بەڕێز (ئاوات جەناب نووری) وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان بەگەرمی پێشوازییان لێکرا .
ئامانج لەسەردانەکەی قائیمقامی قەزای دەربەندیخان و نوێنەری کۆمپانیای ئۆهیتان بۆ مەبەستی دەستبەکاربوونەوەی کۆمپانیای ناوبراو بوو لە پرۆژەی ئاوی دەربەندیخان و هەروەها ئەو لەمپەرانەی کە لەبەردەم کۆمپانیای ئۆهیتاندان لەبواری باج و ڕسوماتدا ، بۆ ئەم مەبەستە بەڕێز وەزیری دارایی ، لەپێناو بەرژەوەندی گشتی دانیشتوانی شاری دەربەندیخان دا بڕیاری دا کارئاسانی پێویست بۆ دەستبەکاربوونەوەی کۆمپانیای ئۆهیتان بکات لەبواری کارگێڕیدا .
وە هەروەها لەسەر هەوڵ و داواکاری قائیمقامی دەربەندیخان بەڕێز وەزیری دارایی و ئابووری ڕەزامەندی نیشاندا بە تەرخانکردنی بوودجەی پێویست بۆ قیرتاوکردنی ڕێگای سەرەکی گەڕەکی کانی سارد بۆ گۆڕستانی کانی سارد .
لەکۆتایدا قائیمقامی دەربەندیخان سوپاسی بەڕێز وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کرد لەبەرامبەر هاوکاریی و بەدەنگەوەهاتنی بەردەوامی داواکارییەکانی خەڵکی دەربەندیخان لەسەرجەم بوارەکاندا .
کامەران کەریم
تێبينيێك بنێرە: