ماوەی دوورکەوتنەوەی چوامینی لە ریزەکانی ریال مەدرید

(0) / / ورزش / زایەڵە ڕیال مەدرید وەرزش


Nov 03, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی ماوەی دوورکەوتنەوەی ئۆریلیێن چوامینی، یاریزانی ناوەڕاستی ریال مەدریدی ئاشکرا کردووە کە لە کلاسیکۆی رۆژی شەممەی رابردوودا دووچاری پێکان بوو.

چوامینی بەشەلەشەل یارییەکەی کلاسیکۆی تەواوکرد، پاش یارییەکە ریال مەدرید ئاشکرایکرد، ئەو یاریزانە دووچاری شکانی پەنجەی دووەمی قاچی چەپی بووە، بەڵام ماوەی دوورکەوتنەوەی یاریزانەکەی ئاشکرا نەکردووە و تەنیا دەڵێ، پشتدەبەستێت بەوەڵامدانەوەی بۆ چارەسەر و ئامادەکردنەوە.

کلاسیکۆ لە بەرژەوەندی ریال مەدرید 2 - 1 گۆڵ کۆتاییهات.

راپۆرتەکان دەڵێن، "پێکانەکەی چوامینی پێویستی بەنەشتەرگەری نییە، بەڵام بەهۆیەوە مانگ و نیوێک لە یاریگەکان دووردەکەوێتەوە".

دوای پێکانەکە، سەرچاوەکان پێشبینی ماوەی دوورکەوتنەوەی چوامینییان کردبوو لە نێوان شەش تاوەکو هەشت هەفتەدا.

رۆژنامەی 'مارکا' دەڵێ، پێکانی چوامینی کاریگەریی زۆر لەسەر ریال مەدرید بەجێدەهێڵێت، بەڵام تاوەکو گەڕانەوەی ئەو یاریزانە، ئێدواردۆ کاماڤینگا رۆڵی چوامینی لە یاریگەدا دەگێڕێت.

ریال مەدرید خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی رایۆ ڤاییکانۆ لە لالیگا ئامادە دەکات کە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو یارییەکە لە نێو سانتیاگۆ بێرنابیۆ ئەنجامدەدرێت. ریال مەدرید دەیەوێت درێژە بەزنجیرەی سەرکەوتنەکانی بدات.

ریال مەدرید تاوەکو ئێستا لە پێشەنگی ریزبەندی گشتیی لالیگایە بەکۆکردنەوەی 28 خاڵ، بەجیاوازیی گۆڵ لەگەڵ خیرۆنا کە هەمان ژمارەی خاڵی کۆکردووەتەوە.

چوامینی یەکێکی دیکەیە لە یاریزانە پێکراوەکانی وەرزی ئەمساڵی ریال مەدرید کە چەندین یاریزانی دووچاری پێکانی جیاواز بوون، دیارترینیان ئیدێر میلیتاو و تیبۆ کۆرتوا کە بەهۆی پچڕانی بەستەری ئەژنۆوە ماوەیەکی زۆر لە یاریگەکان دووردەکەونەوە، ئەمە جیا لە ئاردا گولەر کە تاوەکو ئێستا یاریی بەدرێسی ریال مەدریدەوە نەکردووە.

رێبوار محه‌ممه‌د