وادەی هەرزانبوونی نرخی مریشک دیاریکرا

(0) / / کردستان / زایەڵە مریشک ئابووری


Nov 10, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان راگەیاند: بەرز بوونەوەی نرخی مریشک بۆ نەبوونی بڕی مریشکی پێویست لە بازاڕدا دەگەڕێتەوە و وتیشی " بەرزبوونەوەی نرخی مریشک کاتییە و لە ١٠ بۆ ١٢ رۆژی دیکەدا نرخەکەی دادەبەزێت."

 نازم عەبدوڵا، سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان راگەیاند: بەهۆی ئەوەی لە ماوەکانی رابردوودا کۆمەڵێک نەخۆشی لە ناو پەلەوەردا بڵاو بووەوە، خاوەن کێڵگەکان بڕی جوچکی تەواوەتییان نەخستبووە ناو کێڵگەکانەوە بەو هۆیەشەوە نرخی مریشک بەرزبووەتەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد: لە ئێستادا، بەشێكی زۆری كێلگە پەلەوەرییەكان جووجێكی زۆریان هەیە و لە ماوەی ١٠-١٢ رۆژی تردا مریشك دەخەنە بازاڕەوە و بەوەش نرخەكەی دابەزین بەخۆوە دەبینێت.

ئەوەشی خستە روو:مریشك لە كێڵگە پەلەوەرییەكان بە ٣ هەزار و ٣٠٠ بۆ ٣ هەزار و ٤٠٠ دینار دەفرۆشرێت، بەڵام لە بازاڕدا گرانتر بە هاوڵاتیان دەفرۆشرێت.

باسی لەوەش کرد:پێویستە حكومەت نرخی مریشك لە بازاڕدا دیاریبكات ئەو كات خاوەنی كێڵگە پەلەوەرییەكانیش بەو شێوەیە زەرەرمەندنابن.

ئەمەش لە کاتێکدا دێت، حکومەتی عێراق هەنگاوی ناوە بۆ دابەزاندنی نرخی ماسی و هاوکات، شیر و گۆشت و ماسیش بۆ بەشە خۆراکی مانگانەی هاوڵاتیانی زیاد دەکات.

کامەران کەریم