قوباد تاڵەبانی داوادەکات مامۆستایان بایکۆت بشکێنن و بە ڕێگای دیکە ناڕەزایی دەربڕن

(0) / / کردستان / قوباد تاڵەبانی زایەڵە بایکۆت مامۆستایان


Nov 23, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم داوا لە مامۆستایان دەکات بایکۆت بشکێنن و بە ڕێگای دیکە داوای مافەکانیان بکەن، دەشڵێت، بەغداد "غەدر" لە هەرێم دەکات لە پرسی مووچەداو پێویستە مووچەی هەرێم بنێرێت.

قوباد تاڵەبانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، وتی "تێدەگەین لە ناڕەزایی و کێشەکانی مامۆستایان و مووچەخۆران بەهۆی دواکەوتنی مووچەکانیان.. داوا دەکەم میکانیزمی دیکە بدۆزنەوە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی و خوێندن ئاسایی بکەنەوە تا خوێندکاران زیانمەند نەبن، ئێمەش پشتیوانیانین بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان".

جێگری سەرۆکوەزیرانی ئاماژەی بەوەش کرد، "هەرێمی کوردستان پابەندی یاسای بودجە بووەو بەغدادیش پێویستە پابەند بێت و مووچە بنێرێت" وتیشی " حکومەتی فیدراڵی لە بابەتی مووچەدا غەدر لە هەرێمی کوردستان دەکات. فشارمان لە حکومەتی فیدراڵی کردووە ئەو سێ مانگەی دیکەش کە قەرزدارن مووچەی هەرێم بنێرن".
زیاتر لە دوو مانگە پرۆسەی خوێندن دەستی پێ‌ كردووە، دەیان هەزار مامۆستا و ‏فەرمانبەر لە سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی ‏ڕاپەڕین و گەرمیان بایكۆتیان كردووە.

لەگەڵ نزیکبوونەوە لە مانگی ١٢ ھێشتا دیار نییە کەی مووچەی مانگی ٩ دابەش دەکرێت، حکومەتی ھەرێم چاوەڕێی بەغدایە ٧٠٠ ملیار دینار قەرزەکەی بۆ ڕەوانە بکات.

بۆ ئەوەی بەغدا سێ‌ مانگی دیكەش قەرزی 700 ملیار دیناری بۆ مووچە بۆ هەرێم بنێرێت، سەرۆكی حكومەتی هەرێم پێشتر ڕایگەیاند، جگە لە ناردنی نامە، لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق قسەشی كردووە.

مەسروور بارزانی وتی، وەڵامی بەغدا ئەوە بووە كە "دەبێت لە مانگی 12دا جارێكی دیكە پاكتاوی دارایی بكرێت بۆ ئەوەی بزانن چی ماوە دابینی بكەن"، حكومەتی هەرێمیش چاوەڕێی ئەوە دەکات.