پسوولەی خۆراکی هەولێر: ساڵی داهاتوو پسوولە دەبێتە ئەلیکترۆنی و هەرکەس نەیکات بەشە خۆراکی دەبڕێت

(0) / / اقتصادی / زایەڵە هەولێر پسوولەی خۆراک ئابووری


Dec 11, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر دەڵێت، بڕیارە ساڵی نوێ بەئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراک لە هەولێر دەستپێبکات. ئاماژە بەوەش دەکات، "پێویستە لەو ماوەیەی بۆ هەر پارێزگایەک دیاری دەکرێت، هاونیشتمانی سەردان بکات، چونکە دواتر بەشە خۆراکی مانگانەی دەبڕدرێت."
 
سیامەند قادر نانەکەلی، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر رۆژی دووشەممە 11-12-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بڕیار بوو مانگی ئاب لە هەولێر پسوولەی خۆراک بکرێتە ئەلیکترۆنی، بەڵام بەهۆی کێشەیەکی ئەلیکترۆنییەوە کارەکان راگیران و نەتوانرا لە کاتی دیاریکراودا کارەکە بکرێت."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر، "تاوەکو ئێستا لە پێنج پارێزگای عێراق کارەکان تەواو بوون، ئەوانیش بەغدا، نەجەف، میسان، کەربەلا و دهۆکن. کارەکە ماوەیەک لە بەسرە دەستیپێکرد، بەڵام دواتر راگیرا، چونکە کێشەی تەکنیکی دروستبوو. دوای بەسرەش لە هەولێر دەستپێدەکات."
 
سیامەند قادر نانەکەلی دەڵێت، "حکومەتی عێراق ئاگاداری کردووینەتەوە، کە بڕیارە ساڵی نوێ پرۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراک دەستپێبکات. پێشبینی دەکەین لە هەولێر بکەوێتە هاوینی 2024."
 
488 هەزار و 789 خێزان لە هەولێر پسوولەی خۆراکیان هەیە. سیامەند قادر نانەکەلی دەڵێت، "بۆ هەر پارێزگایەک دوو مانگ دیاری دەکرێت بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی پسوولەکانی و باشترە لەو ماوەیەی دیاری دەکرێت هاونیشتمانی سەردان بکات و پسوولەکەی بکاتە ئەلیکترۆنی، چونکە ئەگەر کاتی دیاریکراو تەواو بوو، ئەوە بەشەخۆراکی مانگانە رادەگیرێت، ئەگەر پسوولەکە نەکرابێتە ئەلیکترۆنی."
 
لە پارێزگای سلێمانیش پڕۆسەکە دەستیپێنەکردووە و چاوەڕوانی حکومەتی عێراقن بۆ دیاریکردنی کاتی دیاریکراو.
 
لە پارێزگای دهۆک رۆژی 16ی ئایاری 2023 بەئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراک دەستیپێکرد و لە کۆی 281 هەزار خێزان نزیکەی 275 هەزاریان کراونەتە ئەلیکترۆنی.
 
رۆژی 07-12-2023 حوسێن سەبری، بەڕێوەبەری رێکخستنی پسوولەی خۆراکی دهۆک بە رووداوی راگەیاند، "شەش هەزار خێزان پسوولەی ئەلیکترۆنیی خۆراکیان کارا نەکردووە، بۆیە بەشەخۆراکی مانگانەیان راگیراوە تاوەکو ئەو کاتەی سەردان دەکەن و کارای دەکەنەوە."