رێبەر ئەحمەد پاش دیدار لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران؛ باسمان لە جێبەجێکردنی سەرکەوتووانەی رێککەوتنی ئەمنی لەنێوان هەردوو وڵات کرد

(0) / / ایران / زایەڵە ئێران عێراق هەرێمی کوردستان ئەمنی


Dec 14, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە لە شاری جنێڤی سویسرا لەگەڵ حوسێن ئەمیرعەبدۆڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبووەوە و تاوتوێی رێککەوتنی ئەمنییان کرد.
 
کۆبوونەوەکە لە پەراوێزی "کۆڕبەندی جیهانیی پەنابەران" بوو کە ئێستا لە جنێڤ بەڕێوەدەچێت.
 
رێبەر ئەحمەد لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیوویەتی، خۆشحاڵە بە کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە جنێڤ و دەڵێت، "سەرنجی گفتوگۆکانمان لەسەر پەیوەندیی مێژوویی دەوڵەمەندی نێوان عێراق و ئێران بوو؛ باسمان لە دەرفەتی هاوئاهەنگی زیاتر و جێبەجێکردنی سەرکەوتووانەی رێککەوتنی ئەمنی لەنێوان هەردوو وڵات کرد".
 
بە گوێرەی میدیای فەرمیی ئێرانیش، حوسێن ئەمیرعەبدۆڵڵاهیان خۆشحاڵی خۆی لە بەرامبەر بەهێزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق دەربڕیوە و رایگەیاندووە، ئەو کارە لە بەرژەوەندی هەموو ناوچەکەدایە.
 
وەک میدیای فەرمیی ئێران دەڵێت، حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان پەسنی هەوڵەکانی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنی نێوان تاران و بەغدا و گوتوویەتی، "لە پێناو گەرەنتیکردنی پاراستنی ئاسایشی سنوورە هاوبەشەکان، دەبێت تەواوی بڕگەکانی رێککەوتنەکە وەک خۆیان جێبەجێ بکرێن". 
 
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، ئەمیرعەبدۆڵڵاهیان سوپاسی هەرێمی کوردستانی کردووە، ئەوەش لە بەرامبەر ئەو پێشوازییەی لە ماوەی دوو ساڵی دواییدا لە زیارەتکارانی ئێرانی کردووە.
 
بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، رێبەر ئەحمەد باسی لە پەیوەندی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران کردووە و گوتویەتی، "ئاسایشی سنوور لە کاری لەپێشینەی ئێمەیە و هەندێک لە کێشە ئەمنییەکان کە پێشتر هەبوون، لەمەودوا لە سنوورەکان نامێنن. سنوورەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران بە تەواوی کۆنترۆڵ کراون و خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان نابنە سەرچاوەی هیچ هەڕەشە و مەترسییەک بۆ سەر ئێران".
 
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە ئامانجی هاوبەشی ئێران و عێراقە و بۆ ئەم مەبەستەش هاوکارییەکانی نێوان هەردوولا بەردەوام دەبن، ئەوە بە گوێرەی میدیای فەرمیی ئێران.