لە فڕۆکەخانەی هەولێر هێرشکرایە سەر بنکەیەکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی

(0) / / کردستان / زایەڵە کوردستان هەولێر مقاومەی ئیسلامی


Dec 25, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە رێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرشکرایە سەر بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە هەولێر، بەبێ ئەوەی ئاماژە بۆ زیانەکانی هێرشەکە بکات.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، 25-12-2023، دژەتیرۆری کوردستان بڵاویکردەوە، کاژێر 16:03ـی ئەمڕۆ "لە رێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرشکرایە سەر بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر."
 
دژەتیرۆری کوردستان، هیچ ئاماژەیەکی بۆ زیانەکان و ئەو شوێنەی درۆنەکەی لێوە هاتووە و وردەکاریی دیکە نەکردووە، بەڵام گرووپە چەکدارەکانی شیعە لە عێراق، کە خۆیان بە مقاوەمەی ئیسلامی دەناسێنن، بەرپرسیارێتیی هێرشەکەیان لە ئەستۆگرت.
 
گرووپەکە لە کەناڵی تەلەگرامی خۆی بە ناڕوونی ئاماژە بە شوێنی بەئامانجگیراو دەکات و دەڵێت: "وەکو وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو کوشتوبڕەی قەوارەی زایۆنی بەرامبەر بە کەسوکارمان لە غەززە دەیکات، موجاهیدانی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بنکەی هەریریان لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە چەند درۆنێک کردووەتە ئامانج و بەردەوام دەبین لە کردنە ئامانجییان." لەکاتێکدا بنکەی سەربازیی هەریر نزیکەی 50 کیلۆمەتر لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دوورە. 
 
بەپێی راگەیێندراوەکانی گرووپەکە، لە دوای 18ی ئۆکتۆبەرەوە زیاتر لە 100 جار هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، لە عێراق و سووریا، هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان.