بڕی ئەو پارەیە دیاریدەكرێت كە هەرێم لە بەغدادی وەردەگرێت

(0) / جهان


Mar 31, 2021

قەبارەی فۆنت:

بەپێی نوێترین ڕێككەوتن لەگەڵ عێراق، حكومەتی هەرێم بڕی شەش ترلیۆن دیناری دەست دەكەوێت، ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانیش دەڵێت، ئەگەر هەرێم پابەندی ڕێككەوتنەكە نەبێت هیچ شایستەییەك وەرناگرێت لە حكومەتی فیدراڵی.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، سادق سلیتی، ئەندامی لیژنەی نەوت و وزەی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، ئەگەر هەرێم بۆ 250 هەزار بەرمیل 55 دۆلار ڕادەست بكات بۆ نمونە، ئەوە دەوروبەری پێنج ترلیۆن دینار وەردەگرێت و لەنیوەی داهاتی گومرگیش یەک بۆ دوو ترلیۆن، دواتر داوای تەواوكردنی ڕێژەی 12% دەكات كە پشكی دیاریكراوی هەرێمە لە بودجە.

وتیشی، لە ئێستادا ناتوانین دۆسیەی نەوتی هەرێم وەربگرین بەهۆی گرێبەستی كۆمپانیای بیانی بەڵام بەندێكی پێشمەرجی دانراوە ئەگەر هەرێم بەهای نەوت ڕادەست نەكات ئەوە هیچ شایستەییەك وەرناگرێت لە حكومەتی فیدراڵی.

لە دواین ڕیككەوتنی هەرێم و بەغداد، لایەنە شیعەکان بڕگەیەکیان لە ماددەی 11ـی تایبەت بە بودجەی هەرێمی کوردستان زیادکرد، كە تایبەتە بەپشكی هەرێمی كوردستان لە پرۆژەیاساکەدا مەرج بۆ ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان دادەنێن.

بەپێی ڕێككەوتنەكە، بڕیارە هەرێمی کوردستان بڕی 460 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە رادەستی سۆمۆ بکات و دواتر 30 هەزار بەرمیل نەوت بۆ کارەبا و 180 هەزار بەرمیلی دیکەی بۆ تێچووی دەرهێنان، هەروەها 20 هەزار بەرمیل بۆ پەترۆدۆلار دەدرێتەوە بە هەرێمی کوردستان. بەڵام دەبێت ئەو داهاتەی هەرێمی کوردستان رادەستی سۆمۆی دەکات لە 250 هەزار بەرمیل کەمتر نەبێت، حکومەتی عێراق رێژەی 12.67٪ـی بودجەی گشتی بۆ هەرێمی کورستان دەنێرێت.

کامەران کەریم