حکومەتی هەرێم  بە جێبەجێنەکردنی یاسای بودجە و هۆکاری دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران تۆمەتبار دەکرێت

(0) / / عراق / زایەڵە مووچە فەرمانبەران


Jan 31, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - ئەندامێکی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەران، هەرێمی کوردستان بە جێبەجێنەکردنی یاسای بودجە و هۆکاری دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم تۆمەتبار دەکات و ڕۆژنامەی فەرمی عێراقیش بڵاویکردوە، چاوەڕوان دەکرێت شاندێکی حکومەتی هەرێم بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە سەردانی بەغدا بکات.

محەمەد خەفاجی، ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی سەباح ڕایگەیاند، پێشتر یاسای بودجە پەسەند کرا کە چارەسەرێکی ڕوون و ڕاشکاوی بۆ هەموو کێشە هەڵپەسێردراو و کەڵەکەبووەکانی ساڵانی ڕابردووی تێدایە، لە نێویشیاندا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.

ئەوەشی خستەڕوو کە بە پێی یاسای بودجە، دەبێت هەرێمی کوردستان داهاتەکانی ڕادەست بکات، هەژمارێکی بانکی بکاتەوە و نەوتیش لە ڕێی کۆمپانیای سۆمۆوە هەناردە بکات و وتیشی: “هەرکاتێك حکومەتی هەرێم ئەو داواکارییانە جێبەجێ بکات، شایستەکانی خۆی لە بودجە وەردەگرێت”.

ئەندامەکەی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق ڕەخنەشی لەو قەرزە گرت کە حکومەتی فیدراڵی بۆ دابەشکردنی مووچە دەیداتە هەرێمی کوردستان و وتیشی: “حکومەتی فیدراڵی ناچاربوو ئەو کارە بکات کە لە هیچ بەندێکی یاساییدا نییە، ئەویش بەهۆی سەرپێچیکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بڕگەکانی یاسای بودجە”.

ئەو پەرلەمانتارە ڕاشیگەیاند، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ وەزیری دارایی و لیژنەی داراییدا کۆبووەوە و ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی هەولێر لیستی تەواوی فەرمانبەرانی هەرێم ڕادەست بکات بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ مووچەکانیان بۆ ڕەوانە بکرێت.

ڕۆژنامەی سەباحیش بڵاویکردەوە، “چاوەڕوان دەکرێت شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای پایتەخت بکات بەمەبەستی دانوستان لەسەر دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکی هەمیشەیی بۆ دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم”.

ڕۆژنامەکە ئەوەشی خستەڕوو کە هەولێر باس لە بوونی پیلانگێڕی دەکات لەسەر هەرێمی کوردستان و بەغداش داوای جێبەجێکردنی یاسای بودجە و لیستی فەرمانبەران دەکات بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ مووچەیان بداتێ.