حکومەت لە هەوڵدایە نرخی خۆراک بۆ ڕەمەزان کەمبکاتەوە

(0) / اقتصادی


Apr 04, 2021

قەبارەی فۆنت:

بڕیارە لە مانگی ڕەمەزاندا وەزارەتی بازرگانی بە ھاوکاریی بازرگانان کەلوپەلی خۆراکی ڕۆژانە لە دەرەوە ھاوردە بکات و بە نرخی کۆ بە ھاووڵاتییانی بفرۆشێت. بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانییش دەڵێت، پلانەکە بۆ دابەزاندنی نرخ و ھاوکاریی ھاووڵاتییانە.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، نەوزاد کامل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاندوه‌: "وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی خەریکی جێبەجێکردنی پلانێکە بۆ ئەوەی نرخی کەلوپەلی خۆراک لە مانگی ڕەمەزاندا ھەرزان بکرێت و بەپێی پلانی وەزارەت لەگەڵ ژمارەیەک بازرگان ڕێک کەوتووین بۆ ھێنانی بابەتی خۆراکی ڕۆژانە لە دەرەوەی ھەرێمی کوردستان و مانگی ڕەمەزان ئەو بابەتە خۆراکییانە دەگەنە بازاڕ."

باسی له‌وه‌شكردوه‌: "ھەموو ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە ژیانی ڕۆژانەی ھاووڵاتییانەوە، وەک برنج و ئارد و ھەموو بابەتی دیکە بە نرخی کۆ دەفرۆشرێن، بێ ئەوەی ھیچ قازانجێکیان بخرێتە سەر، واتە ھاووڵاتی ڕاستەوخۆ کەلوپەل بە نرخی کۆ دەکرێت و بە نرخێکی ھەرزان و گونجاو پێداویستییەکانی دەست دەکەوێت."

لەبارەی چۆنیەتیی فرۆشتنی كه‌لوپه‌لی خۆراكی بە نرخی کۆ، نەوزاد کامل ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لە ھەموو شارەکان بازاڕی ناوەندیی گەورە دەکەینەوە و ئەرزاقەکە لە ڕێگەی ئەو بازاڕانەوە دەخرێتە بەردەستی ھاووڵاتییان و ئێستا خەریکی دابینکردنی جێگەی بازاڕەکانین لە ھەموو شارەکان، ئەوەش ھاوکارییەکی باشی ھاووڵاتییان دەبێت بۆ مانگی ڕەمەزان."