مین  13 هەزار و 400 کەس لە هەرێم دەکاتە قوربانی

(0) / جهان


Apr 04, 2021

قەبارەی فۆنت:

سەرۆکی دەزگای گشتیی كاروباری مین رایگەیاند: تا ئێستا 13 هەزار و 400 کەس بوونەتە قوربانی مین و تەقەمەنی، هەروەها رووبەری 33.5٪ی خاکی مینڕێژکراو ماوە پاک بکرێتەوە".

 بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای گشتیی كاروباری مین لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: لە ساڵی 1991ـەوە تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان 13  هەزار و 400 کەس بوونەتە قوربانی مین و تەقەمەنی، کە لەنێویاندا سێ هەزار کەسی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و 10 هەزار و 255 کەسی دیکە بریندار و کەمئەندام بوون."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆکی دەزگای مین ئاماژەی بەوەدا، لە ساڵی 1992ـەوە کاری پاککردنەوە لە زەوییە مینڕێژکراوەکان دەستیپێکردووە، تاوەکو ئێستا 39 کارمەندی سەر بە دەزگای مین و رێکخراوەکانی بواری مین گیانیان لەدەستداوە و 106 کەسیشیان کەمئەندام بوون.

هەروەها لەبارەی رووبەری زەوی مینڕێژکراو جەبار مستەفا ئەوەی خستەڕوو: "لە هەرێمی کوردستاندا لە کۆی 776 کیلۆمەتر چوارگۆشە خاکی مینڕێژکراو، تاوەکو ئێستا رووبەری 516 کیلۆمەتر چوارگۆشە پاککراوەتەوە و 260 کیلۆمەتری چوارگۆشە ماوە پاک بکرێتەوە. واتە؛ رووبەی 66.5٪ی پاککراوەتەوە و تەنیا 33.5٪ی ماوە پاک بکرێتەوە.

لەبارەی دابەشبوونی مینەکان بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان جەبار مستەفا رایگەیاند، زۆرینەی مین و تەقەمەنییەکان لە پارێزگای سلێمانین، نزیکەی 60٪ی رووبەری خاکی مینڕێژکراو دەکەوێتە پارێزگای سلێمانییەوە

لە هەرێمی کوردستاندا بەگشتی دوو جۆر مین هەن، مینی دژە تانک و مینی دژە کەسی. جەبار مستەفا گوتی: "ئەوەی لە هەرێمی کوردستان چێندراوە زۆربەی مینی دژە کەسی بووە، تەنیا لە ناوچە سنوورییەکان و لە ئەنجامی شەڕی عێراق-ئێران مینی دژە تانک هەیە".

هەروەها لەمیانەی شۆڕشی رزگاریخوازی گەلی کورد، ئەو ناوچانەی هاتووچۆی پێشمەرگەی بەسەرەوە بووە بەدەر نەبوون لە مینرێژکردن لەلایەن حکومەتی ئەو سەردەمەوە.

سەرۆکی دەزگای گشتیی كاروباری مین، دەڵێت: مینی دژە کەسی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دانراوە، کە شوێنەکانیان نزیک بە قەزا و ناحیەکانە، بۆ نموونە: لە شەقڵاوە، کۆیە، پێنجوێن و ئەو قەزا و ناحیانەی لە ناوچە شاخاوییەکانەوە نزیکن. مینە کەسییەکانیش بەشی زۆریان دوو جۆرن، کە مینی ئێسفەنجا و زاڵمارای ئیتاڵین.

بەبۆنەی رۆژی جیهانیی هۆشیارکردنەوە لە مین، لە سنووری زاویتە لە دهۆک، کاژێر 11:30ی رۆژی یەکشەممە 4ی نیسانی 2021 پاشماوەی تەقەمەنی لەناو دەبرێن.

بە گوتەی سەرۆکی دەزگای گشتی كاروباری مین، خەریکی ئامادەکردنی رێبەری جوگرافیای مەترسیی مین لە هەرێمی کوردستانن، کە ناوچەکانی مین رێژکراو و مەترسیدار بە مین و تەقەمەنی دیاریکراوە و روونکردنەوەی پێویست لەو رێبەرەدا هەیە بۆ ئەوەی هاووڵاتیان نزیکی ئەو شوێنانە نەکەون و خۆیان بپارێزن تاوەکو لە رووداوی نەخوازراو بەدوور بن.