هەوری سوپەرسێڵ دەگاتە ئاسمانی هەرێم / ئاماژەیە بۆ بوونی تەرزە و بارانی زۆر

(0) / / کردستان / زایەڵە باران تەرزە


Feb 13, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - ئاراس جەبار شارەزای بواری کەشناسی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە:  لە ماوەی شەپۆلی کۆتای ئەم ھەفتەیەدا کە لە رۆژی چوارشەممەوە دەستپێدەکات و رۆژانی پێنجشەممە و ھەینی توندی کاریگەریەکانی دەبێت کۆمەڵێک دیاردە و پێشھات چاوەروان دەکرێت ڕووبدات، لە رۆژی پێنجشەممە چالاکبوونی خێرای با بۆ زیاتر لە ٤٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بە تایبەت لە ناوچە گەرمەکان وەک گەرمیان و کەرکوک خێرای با ھەندێک کات چالاکتریش لە رێژەی ئاماژەپێکراو دەبێت.

ئەوەشی خستەڕوو: لە ئێوارەی رۆژی چوارشەممەوە بە تایبەت بۆ رۆژی پێنجشەممە لە ئەنجامی چالاکی بەھێزی بای باشور و باشوری رۆژھەڵات لە ناوچەکانی باشوری عێراق و ھەرێم ئەگەری ھاتنی خۆڵبارینێکی چڕ دەبێت بۆسەر زۆربەی ناوچەکان. 

ئاماژەی بەوەشکردووە: لە سەرتاسەری ناوچەکان رۆژی پێنجشەممە و ھەینی ئەگەری ھەورە بروسکەی توند و بارانی بەخوڕ و تەرزە دەبێت، ھەروەھا ئەگەری دروستبوونی لافاو دەبێت بە تایبەت لە سەنتەری شاری ھەولێر و کەرکوک و سلێمانی و ناوچەکانی گەرمیان کە چاوەروان دەکرێت زۆرترین کاریگەری ئەو ناسەقامگیریە لەو ناوچانەدا دەربکەوێت. 

ئاراس جەبار باسی لەوەشکردووە: یەکێکی دیکە لە ئەگەرەکان دروستبوونی ھەوری سوپەرسێل دەبێت کە ھەورێکی گەردەلولی بەھێز و بنکە تاریکە و ھەندێک جار ناوەراستی بنکەی ھەورەکە رەنگێکی مەیلە و سەوزی ھەیە کە ئاماژەیە بۆ بوونی تەرزە و بارانی زۆر لەو ھەورەدا یان تەرزەی قەبارە گەورە بۆیە ئەگەر ھەیە تەرزەی قەبارە گەورەش ببارێت.

کامەران کەریم