لە هەڵەبجە ناو تۆمار کردن بۆ وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا دەستپێدەکات

(0) / اجتماعی


Apr 04, 2021

قەبارەی فۆنت:

بڕیارە سبەینێ  دوو شەممە  5 /  4 / 2021  لە پارێزگای هەڵەبجە  ناوی هاوڵاتیان تۆمار بکرێت بۆ وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، د. شاناز  نەقشبەندی  وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە  ڕایگەیاند،  ڕۆژی دوو شەممە  دەستدەکرێت بە تۆمار کردنی ناوی هاوڵاتیانی پارێزگای هەڵەبجە و  پێویستە هاوڵاتیان سەردان بەشی خۆپاراستنی هەڵەبجە بکەن .
وتەبێژی تەندروستی هەڵەبجە دەڵێت ،لە مانگی ڕابردوودا ڕێژەیەکی کەم لە ڤاکسین گەیشتە هەڵەبجە و بۆ ئەو کەسانە بەکار هێنرا کە لە ڕیزی پێشەوەی ڕووبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنان بەڵام  لە ئێستادا ڕێژەیەکی زۆر لە ڤاکسینی کۆرۆنا لە جۆری ئەسترازینیکا گەیشتوەتە هەڵەبجە  بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا بۆ هاوڵاتیانی سنوورەکە بەکار بهێنرێت .
ڕونیشیکردەوە ، گرنگیەکی زۆر بە  بەرکەوتوانی چەکی کیمیاوی و ئەو کەسانەی کە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە دەدرێت چونکە  بەرگری لەشیان دابەزیوە و پێویستە وەری بگرن  و ڤاکسینەکەش بۆ خانمانی دوو گیان و منداڵانی خوار تەمەن 18 ساڵ بەکار ناهێنرێت .
باسی لەوەشکرد ، ئەو دەنگۆیانە دوورن لە ڕاستیەوە کە باس لە کاریگەری نەرێنی دوای بەکار هێنانی ڤاکسینەکە دەکەن و  دڵنیایی بە هاوڵاتیان دەدەین کە  هیچ گاریگەریکی خراپی نابێت و داواش لە هاوڵاتیان دەکەین ناوی خۆیان تۆمار بکەن بۆ وەرگرتنی ڤاکسینەکە چونکە تاکە ڕێگایە بۆ ڕێگری کردن لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە .
لە ئێستادا ژمارەی توش بوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگای هەڵەبجە بەرز بووەتەوە و 6 هاوڵاتی لە نەخۆشخانەی وەفا داغڵ کراون و هیچ نەخۆشێک لە بەشی چاودێری چڕدا نیە ، ئەمەش لە کاتێکدایە کە  لە چەند مانگی ڕابردوودا لە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی تەندروستی بۆ پشکنینەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕێژەی توش بووان لە پارێزگای هەڵەبجە  سفر بووە.
کامەران کەریم