وتەبێژی دەزگای ئاسایش: سەرمایەداران سکاڵا دژی هەر کەسێک تۆمار بکەن کە داوای سەرانەیان لێدەکات

(0) / / کردستان / زایەڵە سلێمانی ئابووری


Feb 14, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەر بازرگان و سەرمایەدارێک گەر گێچەڵی پێکراو داوای سەرانەی لێکرا، با سکاڵا تۆماربکات و دەزگاکانی ئاسایش ئاگاداربکاتەوە، تا ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە بگیرێتەبەر کە داوای سەرانە دەکەن.

عەقید سەلام عەبدولخالق، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"هەرکەسێک لەهەر پلەو پۆستێکدا بێت گەر داوای سەرانە بکات و سکاڵای لەسەر تۆماربکرێت، ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر دەگیرێتە بەرو هیچ کەسێک لەسەروی یاساوە نییە."

ئەو وتیشی،"ڕێگە بەهیچ کەسێک نادرێت ئارامی و ئاسایشی بازرگان و سەرمایەداران و تەنانەت هیچ هاوڵاتییەک تێکبدات، تێکدانی ئارامی لە هیچ کەس قەبوڵ ناکرێت."

ڕۆژی دوشەممە، 12ی مانگی 2 ی 2024، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی قەڵای "عوزێری"یان ڕوخاندو تەقاندەوە، کەسێک بە ناوی کوێخا دێرین ئەحمەد خاوەندارێتی قەڵاکەی دەکردو لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە بە "سەرانە وەرگرتن" لەسەرمایەداران تۆمەتبارکرابو.

کوێخا دێرین ئەحمەد، پلەی نەقیبی هەبوە لە نێو هێزەکانی 70 ی پێشمەرگەو لەلایەن دادگای سلێمانییەوە بە تۆمەتی سەرانە سەندن و تەقەکردن لەسەرمایەدارێک داواکراوە، بەڵام تا ئێستا دەستگیرنەکراوەو هەڵهاتوە بەرەو شوێنێکی نادیار.

بەپێی وتەی ئەحمەد کامیل کە بازرگانێکی سلێمانییە، لەلایەن کوێخا دێرین ئەحمەدەوە بڕی یەک ملیۆن دۆلار سەرانەی لێسەنراوەو دواتر تەقەی لێکراوەو هەردو قاچیشی شکێنراوە.

سەبارەت بەوەی چۆن دەزگا ئەمنییەکان پێشتر ڕێوشوێنیان بەرامبەر پلەدارەکەی پێشمەرگە نەگرتوەتەبەر، لەکاتێکدا بە پێی وتەی سەرمایەدارەکە پێش ئەوەی تەقەی لێبکرێت هەڕەشەی لێکراوە، عەقید سەلام عەبدولخاڵق وتی"گەر تاوان بەرامبەر هەرکەسێک کراو قسەی نەکرد و داوای یاسایی تۆمارنەکرد، رێکاری یاسایی ناگیرێتەبەر. ئەو سەرمایەدارە خۆی دەڵێت پارەم داوە، بۆ داویەتی و پێشتر دەزگا ئەمنییەکانی ئاگادار نەکردەوە، تا ڕێکارە یاساییەکان بگرنە بەر."

وتیشی،"هەرکەسێک تاوانی بەرامبەر کرا یاخود هەڵکوترایە سەری و هەڕەشەی لێکرا، یاخود داوای سەرانەی لێکرا با دەزگا ئەمنییەکان ئاگادار بکاتەوە تا ڕێوشوێنی یاسایی بگرنە بەر."

عەقید سەلام عەبدولخالق، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، وتی،"دڵنیایی دەدەینە هەمو بازرگان و سەرمایەداران گەر هەڕەشە لەهەرکەسێک کراو داوای سەرانەی لێکرا، ڕێگە نادەین مافیان بخورێت."

ئەو وتیشی،"هەر بازرگانێک هەڕەشەی لێکرا با سکاڵا تۆمار بکات، یاخود لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە دەزگای ئاسایش ئاگادار بکاتەوە، تا ئێمە ڕێوشوێنی یاسایی بگرینە بەر."