ڤایرۆسێکی مەترسیدار لە ناوچەیەکی هەرێم بڵاوبووەتەوە

(0) / زایەڵە ئابووری هەرێم


Feb 15, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستیی دهۆک ڕایگەیاند:  نزیکەی هەفتەیەکە ڤایرۆسێکی وەرزی لەناو منداڵان لە شاری دهۆک بڵاوبووەتەوە، دەشڵێت، تائێستا 300 منداڵ لە نەخۆشخانە داخڵکراون.

 تابان فازڵ بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستیی دهۆک لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: هەندێک جۆری ڤایرۆس هەن زوو بڵاودەبنەوە، لەسەرەتای ئەمساڵەوە جۆرە ڤایرۆسێک بەناوی (RCV) لەناو منداڵان بڵاوبووتەوە ئەمەش وایکردووە کە ژمارەی تووشبوون دووقات و سێ قات زیادببێت، هەروەها تائێستا لە نەخۆشخانەی هێڤی منداڵان 300 منداڵ بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە داخڵکراون.

ئەوەشی خستووەتە ڕوو: ئەم جوڕە ڤایرۆسە زیاتر تووشی سینگی منداڵ دەبێت و هەناسەی تووند دەبێت و پێویست دەکات داخڵی نەخۆشخانە بکرێت تا چارەسەری پێویست وەربگرێت، زیاتر ئەو منداڵانە تووش دەبن کە تەمەنیان لە خوار دوو ساڵە.

لە لایەکی دیکەوە، د. نەزار بەکر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هێڤی تایبەت بە منداڵان لە شاری دهۆک ڕایگەیاند: چارەسەر ئەوەیە دایکان زیاتر شیری خۆیان بە منداڵەکانیان بدەن و خۆیان بەدووربگرن لەشیری قوتو، چونکە شیری دایک بەرگریی لەشی منداڵ بەهێز دەکات.

ئەوەشی دووپاتکردووەتەوە: داوا لە کەسوکاری منداڵان دەکات هەرکاتێک هەستیان کرد منداڵەکانیان نەخۆشە بەزووترین کات بیهێننە نەخۆشخانە تا ئێمەش بەزوویی چارەسەربکەین.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هێڤی دەشڵێت: ئەم جۆرە ڤایرۆسە هەموو ساڵێک بڵاودەبێتەوە، ڤایرۆسێکی وەرزییە لەنێوان کۆتایی هاتنی وەرزی زستان و سەرەتای بەهار، هەروەها دەرمان و پێداویستی تایبەت بەم ڤایرۆسە بەردەستە.

کامەران کەریم