پزیشکە ئێرانییە ناسراوەکەی هەڵەبجە: ئەنجامی 20 ساڵ توێژینەوەی ئێمە ڕادەستی پزیشک و نەخۆشەکانی هەڵەبجە کراوە

(0) / / گفتگو / زایەڵە هەڵەبجە دکتۆر مستەفا قانعی


Mar 04, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - ئەو پزیشکە پسپۆڕەی نەخۆشی سییەکان کە ساڵانێکە لە ئێرانەوە سەردانی هەڵەبجە دەکات و خزمەت بە بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی دەکات، ڕایگەیاندووە کە دەبێت گرنگی بە چارەسەرکردنی ئەو نەخۆشانە بدرێت و ئەوان لە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەردەوام ئامادەیی خزمەتکردن بەو نەخۆشانەن، وەک چۆن ساڵانێکە ئەوەشیان سەلماندووە.
تیمێکی پزیشکیی ئێرانی کە لە چەند پزیشکێکی پسپۆڕ و بەناوبانگ پێکهاتووە، بە هاوکاری کۆنسووڵخانەی ئەم وڵاتە لە سلێمانی سەردانی شاری هەڵەبجەیان کردووە و لە نزیکەوە بەرکەوتووانی کیمیایی شارەکەیان بینیوە. یەکێک لەو دکتۆرانەش کە هەموو ساڵێک سەردانی هەڵەبجەی کردووە و بۆ خەڵکی شارەکە ناوێکی ئاشنایە، دکتۆر مستەفا قانعی پسپۆڕی نەخۆشی سییەکانە.

 دکتۆر مستەفا قانعی سەبارەت بە هاتنی بۆ هەڵەبجە لە چوارچێوەی ئەو تیمە پزیشکییە ئێرانییە بە پەیامنێری زایەڵەی ڕاگەیاند: من بۆ ماوەی زیاتر لە 20 ساڵ وەک بەرنامەیەکی زانکۆیی ئیشم لە سەر زیانەکانی کیمیایی لە سەر سییەکان کردووە و زیاتر لە 200 نووسینی زانستیشم لەم بوارەدا لە ئاستی نێودەوڵەتی بڵاو کردووەتەوە و ڕەنگە لە ڕیزی یەکەم کەساندا بم کە شێوازی دەستنیشانکردن و شێوازی چارەسەرکردنیشم پێکەوە خستووەتەڕوو.

ناوبراو وتی: کاتێک ئەوەم بینی کە پزیشکانی عێراقی ئاشنایەتییان لە گەڵ ئەم شێوازە نییە و لە هەمان کاتدا نەخۆشی زۆریشیان هەیە، بۆ یەکەم جار سەردانی ئێرەمان کرد و هەوڵماندا نەخۆشەکان ببینین، ئەوان بە سەر چەند گرووپێکدا دابەش بکەین، ڕێژەی نەخۆشییەکەیان دیاری بکەین و هاتنمان وەک خولێکی فێرکاری بۆ پزیشکانی ئێرەش بێت.

پزیشکە ئێرانییەکە لە درێژەدا وتی: فێرکارییەکەش ئەوە بوو کە پزیشکانی ئێرە چۆن نەخۆشەکان ببینن و چ دەرمانێک وەک چارەسەر بەوان بدەن، هەروەها چۆن بەدواداچوون بۆ ماوەی نەخۆشییەکەیان بکەن، لە زانکۆدا وتارم هەبوو و پزیشکان ئاشنا بوون بە شێوازی ئیشکردنەکە.

دکتۆر قانعی وتی: ئەو نەخۆشانەش کە ئاستی نەخۆشییەکەیان لە سەرەوەیە، دێنە تاران و پلانی چارەسەرکردنیان لەوێ دەبێت، واتە ئەو نەخۆشانەی کە لە هەڵەبجە چارەسەر نەبن دەبرێنە تاران و لەوێ چارەسەریان بۆ دەکرێت، ئێمە لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوو تا ئێستا بەردەوام پەیوەندیمان بە نەخۆش، پزیشک و بەرپرسانی ئێرەوە هەبووە و هەموو ئەزموونێکی خۆمانیش بۆ ئەوان گواستووەتەوە.

ناوبراو هەروەها وتی: دەتوانین بڵێین کە ئەنجامی 20 ساڵ توێژینەوەی ئێمە یەکسەر ڕادەستی پزیشک و نەخۆشەکانی هەڵەبجە کراوە.

دکتۆر مستەفا قانعی سەبارەت بە پێویستی نەخۆشانی بەرکەوتەی کیمیایی هەڵەبجە بە نەشتەرگەری، وتی: هەندێک لەوانەی کێشەی چاویان هەیە پێویستیان بەوەیە نەشتەرگەرییان بۆ بکرێت، ئەوانەش تووشی نەخۆشی سییەکان بوون ڕەنگە لە هەر سەد کەس یەکێک لەوان پێویستی بە هاتن بۆ تاران بێت و 99 کەسیان هەر لە هەڵەبجە چارەسەریان بۆ دەکرێت. گرنگ ئەوەیە ئەو پزیشکە کە نەخۆشەکان دەبینێت هەمیشە لێرە بێت کە بتوانێت لە گەڵ ئەواندا لە پەیوەندیدا بێت و دەرمانەکانی ئەوان دابین بکەن. بە بۆچوونی من لە وەها حاڵەتێکدا باش دەتوانن نەخۆشییەکان کۆنتڕۆڵ بکەن.

وتیشی کە ئەم نەخۆشییە چارەسەری تەواوی نییە بەڵام دەکرێت بە دەرمان کۆنتڕۆڵ بکرێت کە نەخۆشەکە لە ژیان بەردەوام بێت.