بافڵ جەلال تاڵەبانى: پێویستە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقدا بمێننەوە / هەموولایەک تێبگات کە ئێران رۆڵى هەیە لەناوچەکە

(0) / / کردستان / زایەڵە ئێران عێراق


Mar 04, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - سەرۆکى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند "پێویستە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقدا بمێننەوە".

بافڵ جەلال تاڵەبانى، سەرۆکى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دیدارى رافیدەین  رایگەیاند، "هەڕەشەى داعش تاوەکو ئێستا ماوە لەسەر عێراق و هێزە ئەمنییەکانى عێراق پێویستیان بە راوێژى هێزە بیانییەکان هەیە".

بافڵ جەلال تاڵەبانى گوتیشی، "ئەمریکا داگیرکەر نییە لە عێراق و پێویستە ئەوان هەست بەئارامى بکەن و ئێستا ئێمە لە قۆناغێکى هەستیارین و دەبێت پەیوەندییەکانمان باشتر بکەین لەگەڵ ئەمریکا".

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەشڵێت، "پێویستە هەموولایەک تێبگات کە ئێران رۆڵى هەیە لەناوچەکە".

لەبارەی پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، بافڵ جەلال تاڵەبانى رایگەیاند، "پێویستە عێراق پشتگیرى لە هەرێمى کوردستان بکات". دەشڵێت، "لەعێراق کوردیش رۆڵى هەیە و پێویستە هەموولایەک ئەوە بزانێت".

لەبارەی پەکەکە و هێرشەکانی تورکیا، بافڵ جەلال تاڵەبانى روونیکردەوە، " پێویستە تورکیا هێرشەکانى رابگرێت، پارتى کرێکارانى کوردستان دوژمنى ئێمە نین و ئێمە یارمەتى هیچ گرووپێکى چەکدارى نادەین لەدژى تورکیا".

بافڵ جەلال تاڵەبانى گوتیشی، "باسی هێزە بیانییەکان دەکرێت بەڵام کەس باسی هێزى تورکیا ناکات لە عێراق هەن".

لەبارەی پێکهاتەکان و دۆخی ئێزدییەکان، بافڵ جەلال تاڵەبانى رایگەیاند، "هەردوو حکومەتى عێراق و هەرێمى کوردستان دەبێت سزاى ئەوانە بدات کە پێشێلکارییان بەرامبەر ئێزییدیەکان کردووە". دەشڵێت، "هەزاران ئێزیدى بێسەروشوێنن و ئەوانەى کە ماون هەست بە ئارامى ناکەن".

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەشڵێت، "پێویستە سەرجەم پێکهاتەکان پارێزراوبن".

بەشێکی دیکەی گوتەکانی بافڵ جەلال تاڵەبانى تایبەت بوو بەو جەنگەی لەنێوان حەماس و ئیسرائیل بەردەوامە و گوتی، "پێویستە ئاگربەست لە غەززە رابگەیەندرێت و ئەو گەمارۆیەى سەر غەززە هەڵبگیردرێت".

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، "من پشتگیرى لە هیچ لایەنێکى جەنگى غەززە ناکەم بەڵام نەوەیەکى نوێ لە غەززە رۆژانە دەبنە قوربانى".