بەغداد بە ئاشکرا کار بۆ لاوازکردنی هەرێمی کوردستان دەکات

(0) / / گفتگو / زایەڵە هەرێمی کوردستان پارتی


Mar 14, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەڕلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت: بەغداد بەئاشکرا دژایەتی هەرێمی کوردستان دەکات و دەشڵێت:بەغداد دەیەوێت هەرێم لاوازبکات هەربۆیە باوەڕی بە بنەماکانی فیدراڵی نەماوە و دەیانەوێت بەشێوەیەکی مەرکەزی مامەڵە لەگەڵ هەرێمدا بکەن

شوان محەمەد ڕۆستەم ئەندامی پەڕلەمانی عێراق و بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی باس لەوەدەکات: گرفتەکانی نێوان هەولێر و بەغداد لەسەرپرسی مووچە گرفتێکی سیاسییە و فشار دروستکردنە لەسەر حکومەتی هەرێم و بەغداد دەیەوێت هەرێم لاوازبکات و بەغداد باوەڕی بە بنەماکانی فیدراڵی نەماوە و دەیانەوێت بەشێوەیەکی مەرکەزی مامەڵە لەگەڵ هەرێمدا بکەن، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان هەرێمێکی دەستورییە و بەگوێرەی دەستور تەواوی توانای هەرێم بە دەرچونی یاسا و دەزگای جێبەجێکردن و تەشریعی خۆی هەیە و هەرێم خۆی بەڕێوەدەبات
وتیشی: هەست دەکەین بەغدد بەرامبەر بەهەرێم بۆچونیانیان گۆڕاوە و دەیانەوێت بنکۆڵی حکومەتی هەرێم بکەن و هەمو دەسەڵاتەکان لە هەرێم وەربگرن و بە ئاشکرا هەست بەوەدەکەین کە دەیانەوێت گرفت لەنێوان حکومەتی هەرێم و فەرمانبەران و تەنانەت لە نێوان هێزە سیاسییەکانیشدا دروست بکەن و دەزانین بەبەرنامە کار لەسەر ئەوە دەکەن، بۆیە ئێمەپێمان وایە گرفتەکانی بەردەم پرسی مووچە گرفتی هونەری نین، بەڵکو گرفتی سیاسین، ئەگەر نائەوا بەگوێرەی دەستوریش فەرمانبەرانی هەرێم فەرمانبەری عێراقن و وەک فەرمانبەرانی عێراق مافی ئەوەیان هەیە کە لەکاتی خۆیدا مووچەیان پێدرێت، بەڵام بۆ دەبێت فەرمانبەرانی هەرێم باجی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد بدات.

بڕیاردەرەکەی فراکسیۆنی پارتی ڕونیشی کردەوە: بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی وابڕیاربوو کە فەرمانبەرانی هەرێم بۆ ئەم مانگە لەکاتی خۆیدا مووچەیان پێبدرێت، بەڵام ئەوەتا تائێستا مووچەی بەشێک لە فەرمانبەران ڕەوانە نەکراوە و زیاتر لە ٣٠٠ ملیار دینار لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕەوانە نەکراوە، بۆیە دەبینین ئەم گرفتە سیاسییە و وەزیری دارایی عێراق ڕوئیایەکی هەیە و جێبەجێی دەکات و دادگای فیدراڵیش چۆن ئارەزوبکات بەوجۆرە بڕیار دەدات و خەریکەدەبێت بە جێگرەوەی دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن و یاسادانان لە عێراقدا، و هەر ئەو دادگایە بڕیاری خۆی هەیە کە دەڵێت،  پرسی ڕێکخستنی هەڵبژاردن کاری پەڕلەمانە، بەڵام ئێستا دەبینین بەپێچەوانەیمئەو بڕیارەی خۆیەوە کاردەکات و یاسا دەردەکات و هەڵبژاردن لە یەک بازنەییەوە دەگۆڕێت بۆ فرەبازنەی و کورسی کەمە نەتەوەکانیش لادەبات.

شوان محمد ڕۆستەم ئاماژەی بەوەشکرد: دەبێت گرفتەکان لە دادگای فیدراڵییەوە چارەسەربکرێت، چونکەئەم دادگایە بۆ پاراستنی سیستمی فیدراڵیی و بۆ پاراستنی مافی هەرێمەکانە، بەڵام ئێستا دەبینین خودی دادگا لەبری چارەسەرکردنی گرفتەکان خۆی گرفت دروست دەکات، ئەمەجگە لەوەی کە خودی دادگاکە بە پێی ماددەی ٩٢ی دەستور دروست نەبووە وکەبەپێی ئەو ماددەیە دادگاکە دەبێت بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەڕلەمان یاساکەی دەربچێت و وە پێکهاتەی ئەو دادگایەش لە هەمان ماددەدا دیاریکراوە، بەڵام ئەو دادگایە بەدەنگی پەنجا زاید یەک هەموار کراوەتەوە و کە ساڵی ٢٠٢١ پارتی دیموکراتی کوردستان دەنگی پێنەدا

شوان محەمەد ڕۆستەم، بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی لە پەڕلەمانی عێراق ڕونیکردەوە: لەناو دادگای فیدراڵییە دوو دادوەر هەن کە نوێنەرایەتی کوردستان دەکەن و ئەو دادوەرەش کە دوێنێ کشاوەتە زۆر نیگەرانە لە بڕیارەکانی دادگاو ڕنیکردۆتەوە کە بە ئاشکرا دژایەتی هەرێم دەکرێت و پێشوتریش سەرۆکایەتی هەرێم بەیاننامەیان دەرکردووە سەبارەت بە بڕیارەکانی دادگایی فیدراڵیی و پێیان وایە بڕیارەکانی بەئاراستەیەکە کە خزمەت بە بنەماکانی دیموکراسی و فیدراڵی لە عێراقدا ناکات و غەدر لە هەرێم دەکات

بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی لە پەڕلەمانی عێراق باسی لەوەش کرد: حکومەتی هەرێم بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم پشت بە تواناکانی خۆی دەبەستێت و پشت بەو دەستوورە دەبەستێت کە گرێبەستێکە و لە دیباجێی ئەم دەستورەدا ئاماژە بەوە کراوە کە پاراستنی یەکپارچەی عێراق پەیوەستە بە جێبەجێکردنی ئەم دەستورەوە، هەربۆیە ئەو دژایەتییەی ئێستای بەغداد بەرامبەر بەهەرێم ناچێتەسەر، چونکە کورد میللەتێکە خاوەن قەزێین و هەرێمێکی دەستورین و هیچ هەرێمێکی دەستوریش قبوڵی ئەوەناکات کە بەئاشکرا مافەکانی پێشێل بکرێت، بەتایبەت ئەم هەرێمە کە بەرئەنجامی دەریایەک خوێن و قوربانیدانە،بۆیە هەرێم بە پلەی یەکەم بۆ پاراستنی خۆی پشت بە تواناکانی خۆی دەبەستیت و وە ئێستاش کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش دەزانن کە بەغداد غەدر لە هەرێم دەکات، بەڵام بەهۆی پرسی غەزە و هەروەها ڕوسیا و ئۆکرانیاوە، ئێستا ئەم پرسەی ئێمە بووە بەپرسێکی پلە سێ و چوار ئەگەر نا ئەوا کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش قسەی جدیی دەبو لەسەر ئەم پرسەی نێوان هەرێم و بەغداد.