راگەیێندراوێک لە حکومەتەوە: 2023 عێراق 9 ترلیۆن دیناری لە پشکی هەرێمی کوردستان نەناردووە

(0) / / کردستان / زایەڵە عێراق هەرێم کوردستان


Mar 16, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - حکومەتی هەرێمی کوردستان وردەکاریی ئەو پارانەی بڵاوکردەوە کە لە ساڵی 2023 حکومەتی عێراق رەوانەی هەرێمی کوردستانی کردووە و رایگەیاند، "نۆ تریلیۆن و 378 ملیار دینار لە ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان نەنێردراوە."
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا کۆی ئەو پارانەی خستەڕوو کە لە ساڵی 2023 حکومەتی عێراق لە پشکی هەرێمی کوردستان ناردوویەتی و دەڵێت، "کۆی گشتیی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵیی عێراق بۆ ساڵی 2023 کە پێشبینی دەکرا وەکو پارەی مانگانە لەم ساڵەدا پێمان بدرێت، 16 تریلیۆن و 497 ملیار دینار بووە."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، "ئەو بڕە پارانەی حکومەتی فیدراڵ بەپێی پشکی خۆی لە بودجەی گشتیی فیدراڵی داویەتی بە حکومەتی هەرێمی کوردستان، 998 ملیار دینار بووە و ئەو بڕەپارانەش وەکو قەرز بە پێنج بەش نێردراوە، سێ تریلیۆن و 700 ملیار دینار بووە."
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "داهاتە نەوتییەکانی حکومەتی هەرێم کە دەبێت بگوازرێتەوە بۆ گەنجینەی وەزارەتی دارایی فیدراڵیی عێراق، داهاتی سافی بەدەست هاتوون تاوەکو ئەوکاتەی هەناردەکردن وەستاوە لە 25-03-2023، واتە دوای پێدانی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکان، بەپێی راپۆرتی پەسندکراوی دیلۆیت، تریلیۆنێك و 693 ملیار دینار بووە."
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، "50%ی داهاتەکانی هەرێمی کوردستان، كە دەبێت بگوازرێنەوە بۆ خەزێنەی فیدراڵی، بڕی 728 ملیار دینار بووە، واتە کۆی ئەو بڕە پارانەی لە ساڵی 2023 بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی (خەرجکردنی بەشێک لە شایستەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای بودجەی فیدراڵی، قەرزەکان، پشکی حکومەتی هەرێم لە داهاتە فیدراڵییە نانەوتییەکان و داهاتی سافیی نەوتی حکومەتی هەرێم تا بەرواری راگرتنی هەناردەکردنی نەوت، دوای دانی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە، بریتی بووە لە حەوت تریلیۆن و 119 ملیار دینار."
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو بڕە پارەیەی وەکو شایستەی دارایی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2023 نەنێردراوە و دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی فیدراڵ، رایگەیاندووە، "بڕی ئەو پارەیەی لە ئەستۆی حکومەتی فیدراڵە و نەنێردراوە بۆ هەرێمی کوردستان، نۆ تریلیۆن و 378 ملیار دینارە."
 
هاوکات لە راگەیێندراوەکەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە شەش تێبینی لە خەرجکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق داوە، بەمشێوەیە:
 
1- سەبارەت بە شایستەکان لە پشکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تەرخانکردنی خەرجییە حاکمییەکانی، ئەو خەرجییانە بە پارەی نەختینەیی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دابین ناکرێت، بەڵکوو بە شێوەی کەلوپەل هەژمار دەكرێن، هەرچەندە حکومەتی هەرێمی کوردستان شایستە تەواوەکانی وەرنەگرتووە لە بەشەخۆراک و بابەتی دەرمان (داتا و زانیاریەکان لە وەزارەتەکانی بازرگانی و پیشەسازی و تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەستن).
 
2- تا ئێستا هیچ بڕەپارەیەکی شایستە لە خەرجییە سەروەرییەکان بە تەرخانکراوی مووچەی پێشمەرگەشەوە نەدراوە بە حکومەتی هەرێمی کوردستان.
 
3- وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 25-6-2023 تا 30-11-2023 بڕی 12 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕادەستی وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدراڵ کردووە بەبێ ئەوەی هیچ پارەیەک لەلایەن وەزارەتی فیدراڵییەوە بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی ئەو بڕە ڕادەستکراوانە بدرێت و نەدانی شایستەی کۆمپانیا نەوتییە بەرهەمهێنەرەکان کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن.
 
4- داهات و خەرجییەکانی نەوتی و نانەوتی بۆ شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2023 لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی بە هەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وردبینییان بۆ کرا و هەماهەنگییەکان لە ئێستادا بەردەوامن، لەلایەن تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی و حکومەتی هەرێم بۆ تەواوکردنی وردبینی شەش مانگی دووەمی ساڵی 2023 و ڕاپۆرتێک پێشکەش کرا. ئەنجامی کۆتایی وردبینی بۆ تەواوی ساڵی 2023 بۆ حکومەتی فیدراڵی ڕاپۆرت دەکرێت.
 
5- سەرجەم تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەی ساڵی 2023 بۆ سەرجەم یەکەکانی ناو وەزارەت وە فەرمانگەکانی نەبەستراو بە وەزارەت لە حکومەتی هەرێم ئاراستەی فەرمانگەی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی فیدراڵی کراوە.
 
6- وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە 25ـی ئازاری 2023وە زیانی زۆری بە گەنجینەی فیدراڵی گەیاندووە و هەروەها زیانی گەورەی بە کۆمپانیا نەوتییەکانیش گەیاندووە کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن؛ زیانەکانی وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم بە زیاتر لە 10 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت.