خانمی یەکەم پێشانگایەکی وێنە دەگمەنەکانی مەرگەساتی هەڵەبجەی کردەوە

(0) / / کردستان / زایەڵە هەڵەبجە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد چەکی کیمیایی


Mar 17, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - خانمی یەکەم شاناز ئیبراهیم ئەحمەد پێشانگایەکی وێنە دەگمەنەکانی مەرگەساتی هەڵەبجەی کردەوە، کە بۆ یەکەمینجارە نمایش دەکرێن و دیمەنەکانی تاوانی بۆردومانکردنی هەڵەبجە بەچەکی کیمیایی لەلایەن رژێمی لەناوچووەوە، لەخۆدەگرن.

پێشانگاکە، رۆژی شەممە 16-3-2024 بەسپۆنسەریی دەزگای میدیایی کوردسات، لەمۆزەخانەی نیشتمانیی ئەمنەسورەکە لەپارێزگای سلێمانی کرایەوە و 16 وێنەی لەخۆگرتبو، کە لەلایەن فۆتۆگرافەری ئێرانی ئەکبەر موحسینی دوای چەند سەعاتێك لە تاوانی بۆردومانی هەڵەبجە لەلایەن رژێمی دیکتاتۆری، لە 16-3-1988دا گیراون، هەروەها  چەند گرتەیەکی ڤیدیۆییش نمایشکران، کە پێشتر بڵاونەکراونەتەوە. 
خانمی یەکەم لەمیانی بەسەرکردنەوەی پێشانگاکەدا، کە ژمارەیەك رۆژنامەنوسی بیانی هاوڕێیەتییان دەکرد، دووپاتیکردەوە ئەوەی لە هەڵەبجە روویدا، برینێکە و ساڕێژنابێت، هەروەها ئەوەی روویداوە لەیادناکرێت، هەمیشە هەستی غەمباری و ئازارمان نوێدەبێتەوە کاتێك بیر لە نەهامەتیی کەسوکارمان دەکەینەوە، کە روبەڕوی ستەمکاریی رژێم و تاوانە قێزەونەکانی بونەوە و مادەی ژەهراوی لە دژیان بەکارهێنرا. 
خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئاماژەی بەوەکرد، تاوانی بۆردومانکردنی هەڵەبجە بەچەکی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی بەبەرچاوی جیهانەوە ئەنجامدرا بەبێ ئەوەی هەڵوێستێك هەبێت لە دژی ئەو تاوانە کۆمەڵکوژییەی بەرامبەر گەلێکی بێ تاوان کرا. دوپاتیشیکردەوە، پێویستە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان چڕبکرێنەوە بۆ رێگریکردن لە دوبارەبونەوەی ئەو جۆرە تاوانانە، کە دەستدرێژی و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤن. 
هاوکات خانمی یەکەم داوای کرد کاربکرێت بۆ قەرەبوکردنەوەی کەسوکاری قوربانیان و درێژەبدرێت بە هەوڵەکانی بەپارێزگابونی هەڵەبجە و دابینکردنی پێداویستی و خزمەتگوزارییە پێویستەکان، کە شایستەی قوربانیدانی شارەکە و خەڵکە سەربەرزەکەی بێت.