پارتی: بەشداریی هەڵبژاردنێک ناکەین کە بە نایاسایی و نادەستووری سەپێندرابێت

(0) / / کردستان / زایەڵە پارتی یەکێتی هەڵبژاردن


Mar 18, 2024

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە - پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند ''لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیاریێتیی مێژوویی، لە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین کە بەشداریی هەڵبژاردنێکی بە نایاسایی و نادەستووری و لە سایەی سیستمێکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت، نەکەین.''  
 
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ (دووشەممە، 18-3-2024) راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا رەخنە لە بڕیارەکانی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق دەگرێت لەبارەی کورسیی کۆتاکان و یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و، دەڵێ "وردەکاریی نادەستووریی تێدایە."
 
راگەیێندراوەکە لە شەش خاڵ پێکهاتووە و و مەکتەبی سیاسیی پارتی تێیاندا روونیکردووەتەوە بۆچی ئەو بڕیارەیان داوە، کە لەبەشێکیدا دەڵێ "بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی، درێژەی ئەو زنجیرە بڕیارە نادەستووریانەیە کە لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا بەرامبەر هەرێمی کوردستان دراون و پێشێلكارییەکی زەق و مەترسیداری دەستوورە بۆ لەباربردنی سیستەمی دیموكراسیی هەرێمی کوردستان."
 
هەروەها جەخت کراوەتەوە لەوەی "بڕیارەکەی دادگە، هەوڵێکە بۆ گەڕاندنەوەی عێراق بۆ سیستەمی مەرکەزی."
 
راگەیێندراوەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆیان بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی هات. دەشڵێن، لایەنەکانی ئیدارەی دەوڵەت دەخەنە بەردەم بەرپرسیاریێتیی نیشتمانی لە جێبەجێکردنی دەستوور و تەواوی خاڵەکانی رێککەوتنی سیاسی و ئیداریی پێکهێنانی حکومەت، "بە پێچەوانەشەوە ناتوانین بەردەوام بین لە پرۆسەی سیاسی دا."
 
هەڵوێستەکەی پارتی بۆ بایکۆتکردنی هەڵبژاردن وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بۆ "رەوایی نەدانە بە هەڵبژاردنێكی نادەستووری و نادیموكراسی و، وەستانەوە لە بەرامبەر سەرجەم ئەو پێشێلکارییانەی دەستور کە لەلایەن دادگەی باڵای فیدراڵییەوە بەرامبەر هەرێمی کوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی ئەنجام دەدرێت."