داهاتی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە 69% کەمیکردووە

(0) / / اقتصادی / زایەڵە داهات سلێمانی کوردستان هەڵەبجە


Mar 22, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - داهاتی سنووری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین 69% کەمیکردووە. 

بەرپرسێکی بانکی ناوەندیی هەرێم لە سلێمانی دەڵێت، رسووماتی باج و گومرگ لە هەرێمی کوردستان زیاترە بەراورد بە عێراق، ئەوەش وایکردووە بازرگانان رێڕەوی بازرگانییان بگۆڕن؛ ئێستا عێراق سەکۆی ئەلیکترۆنیی گومرگی داناوە و بە جێبەجێکردنی دەبێت 50%ی داهاتی گومرگەکان بگەڕێتەوە بەغدا.

دیلمان جەمال، بەڕێوەبەری توێژینەوە لە بانکی ناوەندیی هەرێم لە سلێمانی رایگەیاند، بەراورد بە ساڵی رابردوو داهاتی سلێمانی بە رێژەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، بەشێوەیەک کە سێ مانگی سەرەتای ئەم ساڵ بەراورد بە سێ مانگی ساڵی رابردوو، نزیکەی 47 ملیار دینار کەمیکردووە.

بە وتەی ئەو بەرپرسەی بانکی ناوەندیی هەرێم لە سلێمانی، مانگی ئاداری ئەم ساڵ بەراورد بە مانگی رابردوو (شووبات)، داهاتی سنووری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین، بە رێژەی 69% کەمیکردووە و ئەو 31%ـەیش کە ماوەتەوە، 15%ی چەکە و 16%ی لێبڕینە (مقاصە)، واتە ئەوەی ماوەتەوە ئەم مانگە بە نزیکەی 15 ملیار دینار داهات بە نەختینەیی دەبێت.

لە سنووری پارێزگای سلێمانی شەش گەنجینە هەن، رۆژانە ئەو داهاتانەی دێنە گەنجینەکان، تۆمار دەکرێن و لە رێگەی ماڵپەڕی شەفافییەتەوە بڵاو دەکرێنەوە.

لەبارەی داهاتی سنوورەکە لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا، بەڕێوەبەری توێژینەوە لە بانکی ناوەندیی هەرێم لە سلێمانی وتی، داهاتی بەدەستهاتوو تاوەکو ئێستا 204 ملیار دینار بووە، لەو پارەیەش بەشێکی بە شێوەی چەکی بانکی و بەشێکیشی لێبڕین (مقاصە) بووە.

کامەران کەریم