سبەی شاندێکی هەرێم لەبارەی هەژماری من سەردانی بەغدا دەکات

(0) / / کردستان / زابەڵە هەرێم ڤیان سەبری


Mar 23, 2024

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە - وته‌بێژی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی عێراق ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، سبه‌ی شاندێكی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات؛ ده‌شڵێت، پرسه‌كانی مووچه‌ و هه‌ژماری من و چه‌ند پرسێكی دیكه‌ تاوتوێ ده‌كه‌ن.
ڤیان ده‌خیل، وته‌بێژی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی عێراق بەمیدیای پارتی راگه‌یاند، هه‌ندێك له‌ سیاسه‌تمه‌دارانی عێراق كار بۆ لاوازكردنی هه‌رێمی كوردستان ده‌ده‌ن، له‌ كاتێكدا به‌هێزی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی فیدراڵی ده‌بێته‌ پاڵپشت بۆ سیسته‌می فیدراڵی له‌ عێراق و به‌هێزی عێراق له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه‌دا.
ڤیان ده‌خیل باسی له‌وه‌ش كرد، هه‌رێمی كوردستان و به‌دیاریكراویش پارتی دیموكراتی كوردستان به‌رده‌وام پێداگری ده‌كات له‌سه‌ر پابه‌ندبوونی هه‌مووان به‌ ده‌ستوور به‌تایبه‌تی له‌ كاتی پێكهێنانی حكومه‌ت و كابینه‌كانی عێراقدا، به‌ڵام دوای پێكهێنانی حكومه‌ت، ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق خۆیان له‌ پابه‌ندبوون به‌ ده‌ستوور ده‌دزنه‌وه‌.
روونیشی كرده‌وه‌، هه‌رێمی كوردستان به‌پێی ده‌ستوور مافی تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌ و هه‌رێمێكی فیدراڵه‌، به‌ڵام دادگای فیدراڵی پێچه‌وانه‌ی ده‌ستوور بڕیار له‌ دژی هه‌رێمی كوردستان ده‌رده‌كات.
وتیشی، هه‌ندێك كه‌س ده‌ستیان به‌سه‌ر دادگای فیدڕاڵیدا گرتووه‌ و بڕیار له‌ دژی هه‌رێمی كوردستان ده‌رده‌كه‌ن.
ڤیان ده‌خیل سه‌باره‌ت به‌ چوونی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ به‌غدا رایگه‌یاند، سبه‌ی ئه‌و شانده‌ سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات و فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ شانده‌كه‌ كۆده‌بێته‌وه‌ و له‌باره‌ی پرسه‌كانی مووچه‌ و خه‌رجكردنی بودجه‌ و هه‌ژماری من گفتوگۆ ده‌كه‌ن.
هه‌روه‌ها وتی، تا ئێستا حكومه‌ت بودجه‌ی ساڵی 2024 و هه‌مواركردنه‌كه‌ی ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان نه‌كردووه‌، بۆیه‌ تا ئێستا په‌رله‌مان دانیشتنێكی له‌ باره‌ی ده‌نگدان له‌سه‌ر بودجه‌ و هه‌مواركردنه‌وه‌ی دیاری نه‌كردووه‌.
وتیشی، دوای هه‌مواركردنه‌وه‌ی بودجه‌ هه‌ندێك گۆڕانكاری له‌و باره‌یه‌وه‌ رووده‌دات.
کامەران کەریم