هۆشدارییەک لە کەشناسییەوە: ئەمڕۆ هەورە تریشقەو لێزمەباران دەبێت و ئاستی ئاو لە هەندێک شوێن بەرزدەبێتەوە

(0) / / کردستان / زایەڵە کوردستان کەشناسی


Mar 24, 2024

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە ـ کەشناسی هەرێمی کوردستان  هۆشداری لە هاتنی شەپۆلێکی بارانبارینی بەلێزمەدەدات بۆ بەشیک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و دەڵێت، لە ئەنجامى کاریگەرى دوو نزمە پاڵە پەستۆى دەریاى سوور  و کەنداوى عەرەب لە دواى نیوەڕۆى ئەمڕۆ شەپۆڵێکى باران بارین روو لە ناوچە جیاجیاکانى هەرێم دەکات.
کەشناسی دەشڵێت، سەرەتا لە باشوورى هەرێم دەستپێدەکات بە تایبەت لەسەر ئیدارەى گەرمیان کە زۆرترین بڕى دابارینى دەبێت بە تایبەت لەکاتەکانى شەو درەنگدا ، بڕى باران بارینى پێشبینیکراو بۆ ئیدارەى گەرمیان لە نێوان (35-45)ملم دەبێت هەندێ کات هەورە تریشقەو لێزمە باران دەبێت و بەرزبوونەوەى ئاستى ئاو دەبێت.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی کەشناسی، کاریگەرى ئەم شەپۆلە درێژدەبێتەوە بۆ سەر بەشێک لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى و هەڵەبجەو ئیدارەى ڕاپەڕین بڕى باران بارینى پێشبینیکراو لە ناوچانە لە نێوان (20-25) ملم دەبێت، هەروەها باران بارین درێژدەبێتەوە بۆ سەر سنوورى پارێزگاى هەولێر و ئیدارەى سەربەخۆى سۆران و ناوچە شاخاوییەکان بڕى باران بارینى پێشبینیکراو لە سەنتەرى هەولێر (10-15)ملم ئیدارەى سەربەخۆى سۆران و ناوچە شاخاوییەکان لە سەرووى 20 ملم دەبێت.
کەشانسی ئاماژەی بەوەشکردووە ،کە سنوورى پارێزگاى دهۆک و ئیدارەى سەربەخۆى زاخۆ کاریگەرى ئەم شەپۆلە باران بارینەى بە لاوازى لەسەر دەبێت بڕى باران بارینى پێشبینیکراو لەو دەڤەرە لە نێوان (7-12) ملم دەبێت هەروەها لەگەڵ باران بارین لە شەودا بارستە هەواییەکى سارد روو لە ناوچەکەمان دەکات ناوچە شاخاوییە سنووریەکان بەفر بارینى دەبێت و ئەگەرى تەرزە بارین لە گەڵ ئەم شەپۆڵە باران بارینە زیاترە .لە دواى نیوەڕۆى ڕۆژى دووشەممە کاریگەرى ئەم شەپۆلە کۆتایی دێت.
کامەران کەریم