وەزارەتی نەوت لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

(0) / / اقتصادی / زایەڵە نەوت کوردستان


Mar 25, 2024

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە ـ وەزارەتى نەوت لە روونکردنەوەکەیدا ئاماژەى بەوە داوە، هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى تورکیاوە بەهۆى بڕیارى تورکیا راگیراوە لەسەر بنەماى بڕیارى دادگەى نێوبژیوانیی نێودەوڵەتى لە پاریس، ئەو راگرتنە لەسەر بنەماى بڕیارێکى عێراقى فیدراڵ نەبووە.
وەزارەتەکە دەشڵێت ،لەدواى شەش مانگ لە دانوستاندن لەنێوان عێراق و تورکیا، هەردوولا گەیشتنە ئەو رێککەوتنەى کە ئەو هێڵەى نەوتەکەى پێدا هەناردە دەکرا، بخرێتەوەکار و لەزووترین کاتدا کێشە تەکنیکییەکان چارەسەر بکرێن، کە ببوونە هۆى داخستنى ئەو هێڵە." دەشڵێ "حکومەتى فیدراڵ زەرەرمەندى یەکەمە لە راگرتنى ئەو هەناردەکردنە.
ڕاشیگەیاندووە ،ئێستا گرنگترین هۆکارى راگرتنى هەنادەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان ئەوەیە؛ کۆمپانیا بیانییەکان کە لە هەرێمى کوردستان کار دەکەن، رێگرن لەوەى بە فەرمى نەوتە بەرهەمهێندراوەکەیان رادەستى حکومەتى هەرێمى کوردستان بکەن بۆ ئەوەى بەگوێرەى یاسای بودجەى گشتیی فیدراڵى هەناردە بکرێت، ئەوانەش ئەو کۆمپانیایانەش دەگرنەوە کە بەشێکن لە کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان ناسراو بە ئەپیکور.
ئاماژەى بەوە داوە ،ئەگەر ئەو کۆمپانیایانە نەوتى بەرهەمهێندراویان لە کێڵگەکانى هەرێمى کوردستانەوە بەگوێرەى یاسا رادەست بکەن، دەتواندرێت لەماوەیەکى کەمدا دەست بە هەناردەکردنەوەى نەوت بکرێتەوە.
ئەو راگەیەندراوە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ یەک ساڵ بەسەر راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان تێپەڕ دەبێت.
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) 23ـی ئەم مانگە راپۆرتێکی لەبارەی زیان و گفتوگۆکان لەبارەی راگرتن و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بڵاوکردبووەوە و رایگەیاندبوو؛ لەماوەی ساڵێکدا 11 ملیار دۆلار زیانی لە عێراق داوە.
ئەپیکور جەختی کردبووەوە لەوەی "لە 25ـی ئاداری 2023 هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق - توركیاوە راگیرا، لەو رێککەوتەوە، نە ئەپیكور و نە كۆمپانیا ئەندامەكانی هیچ پێشنیازێكیان لەلایەن حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت پێنەگەیشتووە.
کامەران کەریم