کۆمسیۆن: تا ئێستا 2 ھاوپەیمانی بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون

(0) / / کردستان / زایەڵە کوردستان هەڵبژاردن


Mar 26, 2024

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە - وتەبێژی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، تائێستا دوو ھاوپەیمانی بۆ بەشداریکردن لە پەرلەمانی کوردستانی عێراق لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان تۆمار کراون.
 جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند "تا ئێستا دوو ھاوپەیمانی بە ناوەکانی 'ھاوپەیمانی ھەرێمی کوردستان و ھاوپەیمانی سەردەم' بۆ بەشداریکردن لە پەرلەمانی کوردستانی عێراق لە پاڕێزگاکانی دهۆک و سلێمانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان تۆمار کراون.
ئاماژەی بەوەشكرد، ھەر پارت و ھاوپەیمانییەک مافی ئەوەی هەیە زیاتر لە یەک بازنەی ھەڵبژاردن، لیستی بەربژێرەکانی پێشکەش بکات بۆ نموونە ھەر پارت یان ھاوپەیمانییەک بۆی ھەیە لیستی بەربژێرەکانی لەسەر پارێزگای دھۆک، ھەولێر، ھەڵەبجە و سلێمانی پێشکەش بکات.
ئەوەشی خستەڕوو، تا ئێستا دوو پارت لیستی بەربژێرەکانیان پێشکەش کردووە کە یەکێکیان لە سلێمانییە و ئەوەی دیکەشیان لە ھەڵەبجەیە.
ئەوەشی گوت، لەسەر ئاستی تاک، 11 کەس لە پارێزگای ھەولێر، 13 کەس لە پارێزگای سلێمانی و 12 کەس لە پارێزگای دھۆک بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان خۆیان بەربژێر کردووە، بەڵام تا ئێستا ھیچ بەربژێرێک وەک تاک لە پارێزگای ھەڵەبجە تۆمارنەکراوە.
جومانە گوتیشی ،ھەر پارت و ھاوپەیمانییەک بەپێی کورسییەکانی بازنەی ھەڵبژاردنەکان، ناتوانن دوو هێندە زیاتری کورسییەکان بەربژێریان هەبێت. بۆ نموونە ئەگەر کورسییەکانی پارێزگای دھۆک بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 25 کورس بن، ئەوا ناتوانن زیاتر لە 50 کەس بەربژێر بکەن، بۆ بازنەکانی دیکەش بەو شێوەیە دەبێت.
کامەران کەریم