زانیاری نوێ لەبارەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک

(0) / / راپورت / زایەڵە کەرکوک


Apr 11, 2024

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە ـ محه‌مه‌د به‌یاتی به‌رپرسی ڕێكخراوه‌كانی باكوری ڕێكخراوی به‌در  دوپاتیكرده‌وه‌ لێكتێگه‌یشتنه‌كانی نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كانی پێكهاته‌ی عه‌ره‌بی و توركمان له‌ كه‌ركوك باشن و به‌باشی چه‌سپاون و راشیگه‌یاند، تا ئێستا به‌فه‌رمی هیچ هاوپه‌یمانێتیه‌ك له‌نێوان عه‌ره‌ب و توركمان به‌رامبه‌ر به‌ كورد رانه‌گه‌یه‌ندراوه‌.
محه‌مه‌د به‌یاتی له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، هێزه‌ سیاسییه‌ عه‌ره‌بی و توركمانییه‌كان پێش هاوپه‌یمانی كوردستانی له‌ كه‌ركوك هێزێكی یه‌كگرتو پێكده‌هێنن، لێكتێگه‌یشتنه‌كانی نێوانیان باشن و به‌رامبه‌ر به‌ هاوپه‌یمانی كوردستانی به‌ باشی جێگیركراون.
محه‌مه‌د به‌یاتی ڕه‌تیكرده‌وه‌ ،به‌ فه‌رمی پێكهێنانی به‌ره‌ی عه‌ره‌بی-توركمانی راگه‌یه‌ندرابێت و وتیشی، “پێكهاته‌كانی پارێزگای كه‌ركوك كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ریه‌كه‌یان بۆ ماوه‌ی دو ساڵ پۆستی پارێزگار هاوبه‌شی بكه‌ن، به‌ڵام كێشه‌كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ پێداگری لایه‌نه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ر لایه‌نێك ده‌یه‌وێت بۆ دو ساڵی یه‌كه‌می ته‌مه‌نی حكومه‌تی خۆجێی پارێزگاكه‌ ئه‌و پۆسته‌ وه‌ربگرێت.
ڕونیشیكرده‌وه‌، كێشه‌كه‌ زیاتر له‌سه‌ر دو ساڵی یه‌كه‌می وه‌رگرتنی پۆستی پارێزگاری كه‌ركوكه‌، له‌به‌ر ترسی پێكهاته‌كان له‌ دوباره‌بونه‌وه‌ی سیناریۆی ساڵی 2008 كاتێك په‌رله‌مانی عێراق هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی دواخست و بوه‌ هۆی ئه‌وه‌ی حكومه‌تی خۆجێی پارێزگاكه‌ بۆ ماوه‌ی 15 ساڵ به‌رده‌وام بێت.
رۆژی 21ی (كانونی دوه‌م/1)ی 2024 كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی رۆژی 18ی (كانونی یه‌كه‌م/12)ی 2023ی په‌سه‌ندكرد، رۆژی دوشه‌ممه‌ 5ی (شوبات/2)ی 2024 یه‌كه‌م كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك ئه‌نجامدرا.
بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، کورد 7 کورسی (یه‌كێتی 5، پارتی 2)، عەرەبی سونە 6 کورسی، تورکمان 2 کورسی و کوتلەی بابلیۆنیش تەنها کورسییە کۆتاکەی لە کۆی 16 کورسی ئەنجومەنەکە بەدەستهێناوە، تاوه‌كو ئێستاش له‌سه‌ر پۆستی پارێزگار رێكنه‌كه‌وتون.
کامەران کەریم