سەرۆکی لیژنەکانی قائیمقامیەت: سلێمانی پێشەنگی پابەندبونە بەمەرج و رێنماییەکانی تەندروستی

(0) / / کردستان / زایەڵە سلێمانی


Apr 11, 2024

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە ـ بەپێی ئەو ئامارانەی لەلایەن لیژنەکانی قائیمقامیەتەوە لەمانگی رەمەزاندا تۆمارکراون، سلێمانی لەڕوی تەندروستییەوە لەسەر ئاستی شارەکانی هەرێم و عێراق پێشەنگە.
گۆران قادر، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی بەزایەڵەی ڕاگەیاند،  لەمانگی رەمەزانی پیرۆزدا، بەشێوەیەکی بەردەوام لیژنەکان سەردانی دوکان و بازاڕ و شوێنە گشتییەکانیان کردوە و لە هەڵمەتەکانیاندا پشکنینیان بۆ سەرجەم ئەو خواردن و خواردنەوانە ئەنجام داوە کە لەلایەن بازرگانەکانەوە بە هاوڵاتیان دەفرۆشرێت.
وتیشی، جێگەی سوپاس و دەستخۆشییە بۆ خاوەن شوێنەکان و کارمەندەکانیان کە زۆربەی زۆری ئەو چێشتخانە و ریستۆرانت و هەمو ئەو شوێنانەی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی سەردانیکردون کە خواردن و خواردنەوە دروست دەکەن پابەندی مەرجەکانی تەندروستی و ڤێتێرنەری و رێنماییەکانی دیکەی کارکردن بون.
رونیکردەوە، لەسەر بنەمای ئامارە تۆمارکراوەکانی مانگی رەمەزانی پیرۆز و بەهۆی پابەندبونی شوێنەکان بەمەرج و رێنماییەکانی کارکردن، سلێمانی پێشەنگی پاکوخاوێنییە لەسەر ئاستی تەواوی شارەکانی هەرێم و عێراق، کە ئەوەش ئامانجی سەرەکی کاروچالاکی رۆژانەی لیژنەکانی قائیمقامیەتی سلێمانییە نەک سزادان و زیان گەیاندن بە بازاڕیان.
هەروەک وتیشی، ژمارەیەکی زۆر کەم لە چێشتخانە، ریستۆران و کارگەکانی ئامادەکردنی شەربەت و شیرینی سەرپێچییان کردوە کەلەلایەن لیژنە هاوبەشەکانەوە روبەڕوی داخستن و رێکاری یاسایی کراونەتەوە.
گۆران قادر، سەرۆکی لیژنەکانی قائیمقامیەت، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، لە پێناوی بەرژەوەندی و تەندروستی گشتی و بۆ ماوەنەوەی شاری سلێمانی لە ئاستی جێبەجێ کردنی رێنماییەکانی کارکردن،  دواکارم لە خاوەن شوێنەکان زیاتر  پابەندی مەرجەکانی تەندروستی و ڤێتێرنەری و رێنماییەکانی دیکەی کاردن بن.
بۆ گەیاندنی سکاڵا و زانیاری بەقائیمقامیەتی سلێمانی و لیژنە هاوبەشەکان، پەیوەندی بە ژمارە مۆبایلی (07708677777)ـەوە بکەن.
کامەران کەریم