ئێران هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە لە ئیسرائیل دەکات

(0) / جهان


Apr 12, 2021

قەبارەی فۆنت:

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند وڵاتەکەی تۆڵەی هەوڵی تێکدەرانە لە دامەزراوەی ئەتۆمی نەتەنز لە ئیسرائیل دەکاتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، کەمالوەندی وتەبێژی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران ڕۆژی یەکشەممە (دوێنی) ڕایگەیاند ڕووداوێک لە تۆڕی دابەش کردنی کارەبای دامەزراوەی ئەتۆمی نەتەنز ڕووی داوە.

ناوبراو بێ ئاماژە بە وردەکارییەکانی ئەم ڕووداوە، ڕایگەیاند ڕووداوەکە هیچ خەسارێکی گیانی و ئالوودەیی بە دواوە نەبووە و سەرقاڵی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکەن.

کەمالوەندی ڕاشیگەیاند کە وردەکارییەکان پاش کۆتایی هاتنی لێکۆڵینەوەکان بۆ ڕای گشتیی ڕادەگەیێندرێت.

سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆنفڕانسی ڕۆژنامەوانی حەفتانە و ڕۆژێک پاش ڕووداوەکەی نەتەنز جەختی لە سەر تۆڵەکردنەوە لە ئیسرائیل لە کاتی گونجاودا کردەوە.

خەتیب زادە وتی: سەبارەت بە ڕووداوی نەتەنز دەبێ ئاماژە بەوە بدەم کە ئیسرائیل بەردەوام ڕایگەیاندووە لە پشتی ئەو کردەوە تێکدەرانەیە، خۆشحاڵین بەوەی کە ئەم ڕووداوەدا خەساری گەیانی و ژینگەیی نەبووە، رووداوێک کە دەیتوانی ببێتە کارەساتێکی مرۆ ڤی، هەر بۆیە ئەم کردەوە دژی  کۆمەڵگای جیهانییە و دەرخەری ڕووی ڕاستەقینەی ئیسرائیل.

ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە ڕووداوەکەی نەتەنز توانای ئەتۆمی ئێران کەم ناکاتەوە وتی: ئیسرائیل ویستی بەم کارەی تۆڵەی سەبر و ڕەفتاری حەکیمانە لە گەلی ئێران بکاتەوە  و ئێران ناکەوێتە داوی ئەو ڕژێمەوە.