هاتوچۆی گەشتیاریی سنووردار لە نێوان ئێران و هەرێمی دەست پێ دەکاتەوە
(0)
دهروازهى نێودهوڵهتیى پهروێزخان ڕایدەگەیەنێت، به بڕیارى كۆمارى ئیسلامیی ئێران هاتوچۆی گەشتیاری له نێوان ههرێمى كوردستان و ئێران دەست پێ دەکاتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، ڕاگهیاندنى کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان له ڕاگهیەنراوێكدا ڕایگەیاندووە: "دوای ئەوەی بەهۆی مەترسیی بڵاوبوونەوە و تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ٢٠٢١/٢/٢٠ دەروازە سنوورییەکانی لەگەڵ عێراق بە ڕووی گەشتیاراندا داخست، بە بڕیاری ئەو وڵاتە دووشەممە هاتوچۆی گەشتیاری دەست پێ دەکاتەوە."
ڕاگهیەنراوهكهی دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان دهشڵێت: "بەپێی بڕیارەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سنووردارکردنی هاتوچۆی گەشتیاری لە سنوورە هاوبەشەکانی ئێران لەگەڵ عێراق تا 20-4-2021 بە داخراوی دەمێنێتەوە، بەڵام ئەو کەسانەی (مۆڵەتی ئیقامەی کارپێکراو، ڤیزای خوێندن، ڤیزای نەخۆشی و وەبەرهێنان و بازرگانی، ڤیزای کار و مۆری چوونەدرەوە و پۆلیسی کۆچبەران و پاسپۆرتیان هەیە)، دەتوانن بچنە مەرزەکان و گەشتی ئێران بکەن."
له كۆتاییدا ڕاگهیاندنى دهروازهكه دەڵێت: "ئەو کەسانەی ئەو مەرجانە دەیانگرێتەوە، دەتوانن لە دووشەمە 12-4-2021 ـەوه لە ڕێگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخانەوە گەشت بۆ وڵاتی ئێران بکەن."
تێبينيێك بنێرە: