بەغدا لەماوەی ساڵێكدا نزیكەی 10 ملیار دۆلار بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت

(0) / جهان


Apr 13, 2021

قەبارەی فۆنت:

ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات، ئەگەر حكومەتی هەرێم پابەندی یاسای بودجە بێت، ئەوا مانگانە ترلیۆنێك دینار لەلایەن بەغداوە بۆ دەنێردرێت.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، بەهار مەحمود، ئەندامی هاوپەیمانی هیوا لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ شارپرێس راگەیاند، دوای ئەوەی سەرۆك كۆماری عێراق یاساكەی ئیمزا كرد، دەبێت لە وەزارەتی دارایی رێنمایی بۆ دەربچێت، هەركاتێك رێنمایی دەرچوو دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، دەرچونی رێنماییەكان مانگێكی دەوێت، بۆیە پێدەچێت مانگی داهاتوو بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
سەربارەت بە بەشداری نوێنەری هەرێم لە نوسینەوەی رێنماییەكانی تایبەت بە یاسای بودجە، ئەو پەرلەمانتارە وتی، بەپێی رێككەوتنی هەرێم و بەغدا دەبێت نوێنەری هەرێم لە نوسینەوەی رێنماییەكاندا هەبێت، بۆیە نوێنەری هەرێم لە نوسینەوەی رێنماییەكاندا دەبێت.
روونیكردەوە، بەپێی ئەو یاسایەی پەسەندكراوە لەماوەی ساڵێكدا نزیكەی 10 ملیار دۆلار لەلایەن بەغداوە بۆ هەرێم دەنێردرێت، بە مەرجێك هەرێم پابەندبێت بە یاسای بودجەوە ئیلیتیزامەكانی جێبەجێبكات، واتە مانگانە ترلیۆنێك دینار بۆ هەرێم دەنێردرێت.
لەبارەی كاتی ناردنی پشكی هەرێم وتی، ئەگەر هەردوولا پابەندی یاسای بودجە بن لە كۆتای مانگی داهاتوودا لەگەڵ دابەشكردنی موچەی فەرمانبەرانی عێراقدا بەشەبودجەی هەرێم دەنێردرێت.
دوای ئەوەی رۆژی 31 ئازار پەرلەمانی عێراق یاسای بودجەی گشتی عێراقی بۆ ساڵی 2021ی پەسەندكردن، یاساكە رەوانەی سەرۆكایەتی كۆمار كرا بۆ پەسەندكردنی، رۆژی 8ی ئەم مانگە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق یاساكەی پەسەندكرد.
بەپێی رێككەوتنی حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێم لەسەر یاسای بودجە، پێویسته‌ هه‌رێمى كوردستان رۆژانه‌ داهاتى 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت به‌نرخى سۆمۆ بداته‌ عێراق و مانگانه‌ش نیوه‌ى سه‌رجه‌م داهاته‌ فیدڕاڵیه‌كان بگه‌ڕێنێته‌وه‌ به‌غداو له‌به‌رانبه‌ردا پشكى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌غداوه‌ ده‌نێردرێت و ئه‌گه‌ر هه‌رێم پابه‌ند نه‌بێت ئه‌وا بودجه‌ى هه‌رێم له‌ به‌غداوه‌ ده‌بڕدرێت.