ڕێوڕەسمی یادی 33 ساڵەی ئەنفال گرژی  تێکەوت

(0) / اجتماعی


Apr 14, 2021

قەبارەی فۆنت:

ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان یادی 33 ساڵەی ئەنفال دەکرێتەوە و کەسوکاری ئەنفالکراوان داوا دەکەن ناسنامەی ئەو رووفاتانە دەستنیشانبکرێن کە لە ماوەی رابردوو دۆزراونەتەوە، هاوکات داوای هێنانەوەی روفاتەکانیان لە بیابانەکانی عێراق دەکەن و داواش دەکەن تاوانبارانی ئەنفال بدرێنە دادگە.

 بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە،  ئەمڕۆ چوارشەممە 14-4-2021 لە مەزاری دێبنە لە سنووری ناحیەی رزگاری لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، رێوڕەسمی تاجەگوڵینە لەسەر مەزاری ئەنفالکراون بەڕێوەچوو، بەڵام رێوڕەسمەکە بەشێوەیەکی کاتی بەهۆی دروستبوونی گرژی وەستێندرا.

ژمارەیەک لە کەسوکاری ئەنفالکراوان لە رێوڕەسمەکە ناڕازین لە نەگەڕانەوەی رووفاتی ئەنفالکراوان و دەستنیشاننەکردنی ناسنامەی ئەو رووفاتانەی کە گەڕێندراونەتەوە. کەسوکاری ئەنفالکراوان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا داوایانکرد کە حکومەت ئاوڕی زیاتر لە قوربانیانی ئەنفال بداتەوە و هەروەها ناسنامەی ئەو رووفاتانە دەستنیشانبکات کە گەڕێندراونەتەوە بۆ گەرمیان و ئەو رووفاتانەش بگەڕێندرێنەوە کە لە ماوەی رابردوو رووفاتەکانیان لە باشووری عێراق دۆزراونەتەوە.

سەباح نەجمەدین، یەکێک لە تاقانەکانی ئەنفال لەبارەی نیگەرانیانەوە بۆ دەزگاکانی راگەیاندن گوتی: "تاوەکو ئێستا مۆنۆمێنتێکمان نییە گوزارشت لە ئەنفال بکات، تاوەکو ئێستا ئێسک و پروسکی کەسوکارەکەمان لە دەشتاییەکانی عەرعەرەو سەگ دەری دەکات و شوان گاڵتەی پێدەکات، تاوەکو ئێستا پشکنینی DNAی بۆ ئێمە ئەنجام نەدراوە، تاوەکو ئێستا ئاماری شەهیدەکان بە دروستی دیارنەکراوە".