حکومەتی هەرێم تاقانەکانی ئەنفال پاش مردنیان وەکو شەهیدی جینۆساید ئەژمار دەکات

(0) / گفتگو


Apr 14, 2021

قەبارەی فۆنت:

وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان داوا لە تاقانەکانی ئەنفال دەکات، ئەوانەی تاوەکو ئێستا خۆیان تۆمار نەکردووە خۆیان تۆمار بکەن و راشیدەگەیێنێت لەمەودوا تاقانەکانی ئەنفال دوای مردنیان وەکو شەهیدی جینۆساید ئەژمار دەکرێن و منداڵەکانیشیان وەکو شەهیدی سەنگەر سوودمەند دەبن لە سەرجەم خزمەتگوزارییەکان هاوشێوەی منداڵانی شەهید و زیندانیانی سیاسی.

 بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان ئاماژە بەوە دەکات، یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هێنانەوەی رووفاتی جینۆسایدکراوانە و دەشڵێت "حکومەتی هەرێمی کوردستان جیددیە لە هێنانەوەی رووفاتی ئەنفالکراوان و پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری بۆ کەسوکارەکانیان".

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان:

رووداو: ئەمڕۆ لە گەرمیان یادی شاڵاوی ئەنفال کرایەوە، بەڵام توڕەیی کەسوکاری ئەنفالکراوان و تاقانەکانی ئەنفال زۆر بوو، چۆن لەو نیگەرانیانە دەڕوانن؟ بۆچی تاوەکو ئێستا کەسوکاری ئەنفالکراوان نیگەرانن لە حکومەتی هەرێمی کوردستان؟

عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: لەڕاستیدا ئەگەر بڵێین حکومەتی هەرێمی کوردستان کاری نەکردووە، کردوویەتی.. هەم لە هێنانەوەی رووفاتی قوربانیانی جینۆساید، لە هەموو بوارەکانی خزمەتگوزاری، بەڵام رەنگە نەگاتە خواست و داواکاریی کەسوکاری شەهیدان. هەرچی بشکرێت بۆ کەسوکاری شەهیدان ناگاتە دڵۆپێک لە خوێنی شەهیدان و لەدەستدانی ئازیزانیان، تاوەکو ئێستاش چارەنووسی شەهیدەکانیان نازانن. بۆیە مافی خۆیانە هەر گلەیی و گازندەیەک بکەن، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش درێخیی نەکردووە، بەردەوامیش دەبێت هەم بۆ هێنانەوەی رووفاتی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، هەم پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری لە هەموو بوارەکان، کە ببێتە هۆی ئەوەی تاڕاددەیەکی کەم رەواندنەوەی ئەو گلەیی و گازندانەی کە هەیانە.

 رووداو: لە کۆی 182 هەزار ئەنفالکراو، تاوەکو ئێستا زیاتر لە پێنج هەزار رووفاتی ئەنفالکراوان گەڕێندراونەتەوە، کەسوکارکارەکانیان هێشتا چاوەڕێی گەڕاندنەوەی رووفاتەکانیانن.. گلەیی ئەوان لەوەیە حکومەت جیددی نییە لە هێنانەوەی رووفاتی ئەنفالکراوان، حکومەت پلانی بۆ هێنانەوەی رووفاتی ئەنفالکراوان چییە؟

عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: بە پێچەوانەوە، یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە وەزارەتی پەیوەندیدار، کە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانە، هێنانەوەی رووفاتی جینۆسایدکراوانە.

 کەسوکاری ئەنفالکراوان مافی خۆیانە گلەیی و گازندەیان هەبێت، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان جیددیە لە هێنانەوەی رووفاتی ئەنفالکراوان، جیددیە لە پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری بۆ کەسوکاری ئەنفالکراوان، بەڵام خۆتان دەزانن لە کابینەکانی پێشوو کابینە بە کابینە ئیش کراوە، بەڵام هەرجارەو حکومەتی هەرێمی کوردستان رووبەڕووی کۆمەڵێک قەیرانی گەورە بووەتەوە.

 وەکو دەزانن بنەمای ئابووریی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتا گیروگرفتەکانمان لەگەڵ حکومەتی عێراق، هاتنی داعش، لەم دواییانەش ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە یەکێکە لەو هۆکارانەی کە کاریگەریی هەبووە هەم لەسەر بنەمای ئابووریی هەرێمی کوردستان وەکو هەموو وڵاتانی ناوچەکە و جیهان، هەم لەسەر دواکەوتنی هێنانەوەی رووفاتی ئەنفالکراوان و بوار نەدان بە کۆڕ و کۆبوونەوە و گردبوونەوەی جەماوەری، چونکە بۆ هێنانەوەی ئەو رووفاتانە پێویستە رێوڕەسمی شایستە سازبکرێت.

 رووداو: کەسوکاری ئەنفالکراوان ئەمڕۆ لە گەرمیان لەمیانی رێوڕەسمەکەدا گلەیی ئەوەیان هەبوو کە بەرپرسانی حکومی و حیزبی ئامادە نەبوونە، لەکاتێکدا ساڵانە ئامادە دەبوون و پێیانوایە ساڵ بە ساڵ رێوڕەسمەکە بچووک دەبێتەوە، بۆچی ئەمساڵ بەشداریتان لە رێوڕەسمەکەدا نەکرد؟

 عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: وەکو باسم کرد، بەداخەوە ماوەی دوو ساڵە ڤایرۆسی کۆرۆنا یەخەی گرتووین و بوار نادات، ئەگەر حکومەت و وەزیرەکان و بەرپرسانی دامودەزگا فەرمییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆیان پابەندی رێنوێنییە تەندروستییەکان نەبن، ئەوەش قسە هەڵدەگرێت.

 هۆکاری سەرەکیی یاد نەکردنەوەی رووداوەکانی گەلی کوردستان لە هەموو شوێنەکان، ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە، کە بەداخەوە کاریگەریی لە راددەبەدەری هەیە لەسەر ئەو رێوڕەسمانە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە شێوازێکی دیکە رێوڕەسمەکان هەر بەردەوامن و تاجە گوڵینە دادەنرێت، نوێنەرانی دەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی وەزارەتی کاروباری شەهیدان لە چەمچەماڵ، لە کەلار و گەرمیان و لە هەموو بۆنەکانی دیکەش لە یادی هەڵەبجە، گۆپتەپە، عەسکەر، بالیسان، بارزان و شوێنەکانی دیکەش، بە هەمان شێوە بەشداریمان کردووە. بەو هیوایەین ئەو ڤایرۆسی کۆرۆنایە یەخەمان بەربدات، خۆشبەختانە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەسازیی کردووە بۆ هێنانەوەی رووفاتی 171 رووفات لە قوربانیانی جینۆساید، کە لە پزیشکی دادی بەغدایە، پێش ئەو رێوڕەسمەش ئەوەی داوامان کردووە بۆ ئەو مەبەستە، بۆیان جێبەجێ کردووین بۆئەوەی ئامادەسازی بکەین، ئەگەر ڤایرۆسی کۆرۆنا یەخەی بەرداین یەکێک لە ئەولەویەتی کارەکانمان هێنانەوەی رووفاتی ئازیزانمانە لە بیابانەکانی عێراق و هەڵدانەوەی ئەو گۆڕانەی کە ماون لەگەڵ رووفاتی ئەوانەی ئێستا ئامادەن.

رووداو: پشکنینی DNA یەکێکە لە داواکارییەکانی کەسوکاری ئەنفالکراوان بۆ رووفاتی ئەنفالکراوان، دەڵێن ئەو رووفاتانەی پێشتر هێنراونەتەوە، پشکنینی DNAیان بۆ نەکراوە، ئایا ئەمە کارێکی ئەستەمە ئەگەر بۆیان بکرێت؟

 عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: پشکنینی DNA بۆ رووفاتەکان کراوە، بەڵام نموونەی خوێن لە کەسوکارەکانیان وەرنەگیراوە، ئەمە یەکێکە لەو کارانەی من لەکاتی دەستبەکاربوونمەوە لەو وەزارەتە دەستم پێکردووە، لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستانیش قسەم کردووە بۆ ئەو پرۆسەیە. ئێمە لەبەردەم دوو رێگەداین، یان دەبێت وەکو پێشوو رووفاتی ئازیزانمان بهێنینەوە کوردستان، یان دەبێت رێگەیەک بدۆزینەوە بۆ وەرگرتنی نموونەی خوێن لە کەسوکارەکانیان.

 پرۆسەکە، پرۆسەیەکی گەورەیە و ئاسان نییە، پێویستی بە ئامێر و خەڵکی پسپۆڕە، ئەوەی پەیوەندیداریشە بە ئێمەوە تەنیا پرۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕەکان و هێنانەوەی رووفاتەکانە. بۆیە پرۆسەکە پەیوەندیی بە وەزارەتەکانی تەندروستی و ناوخۆوە هەیە، بەڵام دەستەجەمعی پێکەوە کارمان کردووە، چەندجارێکیش گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتە کراوە، بەو هیوایەین رێگەیەک بدۆزینەوە.

رووداو: تاقانەکانی ئەنفال کە ئێستا مووچە لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان وەردەگرن، دوای ژیانئاواییان مووچەکانیشیان دەبڕدرێت، واتە مووچەکە بۆ خێزان و منداڵەکانیان نامێنێتەوە، گلەیی ئەوەش دەکەن ئەو ئیمتیازەی بۆ منداڵانی شەهید و زیندانیانی سیاسی لە خوێندن و تەندروستی هەیە بۆ تاقانەکانی ئەنفال نییە، بۆچی؟

عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: ئەم پرسیارە، پرسیارێکی لەجێیە. یەکێک لەو گرفتانەی کە کارم لەسەری کردووە تاقانەکانی جینۆساید بووە، یاسایەکیان هەبوو، ئەو یاسایە نازانم هۆکار چی بووە کاریان پێنەکردووە، خۆشبەختانە رێنوێنیم بۆ دەرکردووە، دوای ئەو هەفتەیە کە گەڕایەوە لە وەقایع بڵاودەبێتەوە، لیژنەمان پێکهێناوە بۆ پشتڕاستکردنەوەی سەرجەم تاقانەکانی ئەنفال بەپێی یاساکە، ئەو رێژەیەی کە کاتی خۆی لەلایەن دادوەرانەوە پشتڕاستکراوەتەوە هەندێکی تێبینی هەبووە لەسەری، سەرجەم ئەوانەشی پشتڕاستکراونەتەوە بە نووسراوێک ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەکەین بەپێی یاسا، بۆئەوەی مافی خۆیان و شایستەکانی خۆیان بۆ جێبەجێ بکرێت.

بەپێی یاساکە ئەوانەی تاقانەکانی جینۆسایدن و ئەوانەی وارسن، مینحەی شەهیدانە وەردەگرن، ئەوانەشی لەدوای خۆیان کە وەفاتیان کرد، وەکو شەهیدی جینۆساید مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، منداڵەکانیشیان وەکو شەهیدی سەنگەر سوودمەند دەبن لە سەرجەم خزمەتگوزارییەکان.

 کۆمەڵێک پابەندیی دیکەش هەن کە لە یاساکەدا هاتووە، لەکاتی خۆی و لە داهاتوودا پشتیوان بە خودا لەگەڵ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران باسی دەکەین، بۆئەوەی بتوانین زۆرترین کارئاسانییان بۆ بکەین. لەڕاستیشدا ژمارەیان ئەوەندە زۆر نییە، هەر لێرەشەوە بە تاقانەکانی ئەنفال رادەگەیێنین هەر کەسێک پێشتر خۆی تۆمار نەکردووە، خۆی تۆمار بکات، بۆئەوەی بە فەرمی ناوی لە لیستی تاقانەبوونی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بەپێی یاساکە هەبێت، هەر کەسێکیش گلەیی و گازندەی هەبوو کە لیژنەکە تێبینیی لەسەر هەبوو، ناوەکەی سڕاوەتەوە، دەتوانێت سکاڵا تۆمار بکات و جارێکی دیکە بە دۆسیەکەیدا دەچنەوە.

 رووداو: ماوەیەک پێش ئێستا کێشەیەک لەنێوان وەزارەتی شارەوانی و جێگری سەرۆکی حکومەت لەسەر دابینکردنی زەوی بۆ کەسوکاری ئەنفالکراوان لە ناوچەی گەرمیان روویدا، ئێوە چاودێریی ئەو پرۆسەیە دەکەن؟ پێتانوایە ئەو لیستەی کە ئامادە کراوە و یەکێتی لەو ناوچەیە دابەشی دەکات، کەسوکاری راستەقینەی ئەنفالکراوان و شەهیدانن یان ئێوە لیستی خۆتان هەیە؟ ئێوە چۆن لەو کێشەیە دەڕوانن؟

 عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: بە تێڕوانینی من لێکتێنەگەیشتنێک هەبووە، ئەوەی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیڵێت، بەپێی یاسا قسەی کردووە، بەڵام لە خاڵێکدا وەزیری شارەوانی، وەزیری کاروباری شەهیدانی پابەندکردووە بەپێی یاسا مامەڵە بکەن لەگەڵ سوودمەندبووانی جینۆساید و شەهیدانی گەلی کوردستان، وەزیری شارەوانی جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە بەپێی یاسا، واتە هەردوو تێڕوانین و بیروبۆچوونەکە یەکە. لە کابینەی پێشوو فەرمانیان بۆ دەرچووە.

 رووداو: بەڵام گلەیی وەزارەتی شارەوانی ئەوەیە ئەو لیستە خەڵکی تێدایە شایستە نییە، ئەنفال نییە، کەسوکاری شەهید نییە..

 عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: گرفتی سەرەکی ئەوە بووە کە زەوی نەبووە بۆ جێبەجێکردنی وارسی شەهیدان و ئەو فەرمانانەی کە هەبووە. فەرمانەکان بەسەریەکەوە کەڵەکە بوون و زەویش نەبووە، کەسوکاری شەهیدیش مافی خۆیەتی، کە تۆ فەرمانت هەبێت ساڵێک و دوو ساڵ و سێ ساڵ و 5 ساڵ چاوەڕێ بکەیت.

 هەردوولا داوا دەکەن بەپێی یاسا بێت، لەو کاتەدا ئەگەر کەسێک شایستە بوو، مافی خۆی پێدەدرێت، ئەگەر شایستەش نەبوو سوودمەند نابێت.

 رووداو: ئێوە وەکو وەزارەتی کاروباری شەهیدان چاودێریی پرۆسەکە دەکەن؟

 عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: ئێمە لیستمان هەیە، ئەو ناوانە هەمووی فەرمانی هەیە، هەمووی ئامادەکراوە، ئەگەر کۆبوونەوەیەک بوو و پێویستی کرد، دەیخەینەڕوو لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیری شارەوانی.