هێرش کرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر

(0) / جهان


Apr 15, 2021

قەبارەی فۆنت:
دژە تیرۆری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە بە موشەک هێرش کراوەتە سەر فڕۆکەخانەی هەولێر.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، دژە تیرۆری هەرێم ڕایگەیاند موشەکێک ئاراستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر کراوە.

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی هەولێر بڵاوکردەوە و دەڵێت، "دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی دەزگا پەیوەندیدارەکان بۆ هۆکاری تەقینەوەی ئەمشەوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، دەرکەوت هێرشەکە لەڕێگەی درۆنی TNT کراو بووە و ئاراستەی بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانان کراوە لەناو فڕۆکەخانە".

هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی نییە و تەنیا زیانی ماددی بەر باڵاخانەیەک کەوتووە. لێکۆڵینەوەکانیش بەردەوامن بۆ دیاریکردنی سەرچاوە و شوێنی هاتنی درۆنەکە".

بەهۆی هێرشەکە، کونسوڵخانەی ئەمەریکا زەنگی ئاگادارکردنەوەی لێداوە.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر راگەیاند، مووشەکەکە لە نزیک هێزەکانی هاوپەیمانان کەوتووەتە خوارەوە.

فڕۆکەکانی هاوپەیمانان بە ئاسمانی هەولێردا دەسوڕێنەوە و ئەو ئاگرەی بەهۆی مووشەکەکە کەوتبووەوە، کوژێندراوەتەوە.

هاوکات هێرشێکى مووشەکى لە ناحیەی زێلکانەی سەر بە قەزای شێخان کرایە سەر بنکەیەکی سەربازی تورکیا.