نێچیرڤان بارزانی: ئێران دراوسێيه‌كى گرنگی هەرێمی کوردستانە

(0) / / کردستان / زایەڵە کوردستان ئێران باقر کەنی نێچيرڤان بارزانى عەلی باقری


Jun 14, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ هه‌ينى 2024/6/14 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ هه‌ولێر له‌گه‌ڵ عەلی باقری، سەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران و شاندێکی یاوه‌ری، كۆبووه‌وه‌.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتیی هەرێـمی کوردستان، هەردوولا له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جه‌ختيان له‌ گرنگيى په‌يوه‌ندييه‌كانى كۆمارى ئيسلاميى ئێران له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا له‌سه‌ر بنه‌ماى دراوسێيه‌تيى باش و به‌رژه‌وه‌نديى هاوبه‌ش كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها خواستى دوولايه‌نه‌يان بۆ بره‌وپێدانيان به‌تايبه‌تى له‌ بوارى ئابوورى و بازرگانيدا نيشان دا.

باقرى، وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "سوپاس و پێزانينى كۆمارى ئيسلاميى ئيرانى بۆ هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌ كه‌ ئاسانكارى پێشكه‌ش به‌ زياره‌تكارانى ئێرانى ده‌كات كاتێك له‌ ده‌وازه‌ سنوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ سه‌ردانى مه‌زار و شوێنه‌ پيرۆزه‌ ئايينييه‌كان له‌ باشوورى عێراق ده‌كه‌ن".

لاى خۆيه‌وه‌ نێچيرڤان بارزانى "سوپاسى يارمه‌تى و پشتگيريى ئێرانى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرد و جه‌ختى له هه‌بوونى په‌يوه‌ندييه‌كى باشى نێوانيان كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ئێرانى به‌ وڵات و دراوسێيه‌كى گرنگ له‌ قه‌ڵه‌م دا. له‌مباره‌يه‌وه‌ ئاماژه‌ى به‌ په‌يوه‌نديى له‌مێژينه‌يان كرد".

دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو که‌ ژماره‌یه‌ک له‌ به‌رپرسانی هه‌رێمی کوردستان، ئاماده‌ی بوون.