راگەیەنراوێك لە گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە لە بارەی هەڵبژاردنەوە

(0) / / کردستان / زایەڵە پارتی یەکێتی مەحمود محەمەد


Jun 26, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان رای گەیاند، خۆیان بۆ هەڵبژاردن ئامادە دەكەن و هیوادارن هەڵبژاردنێكی دیموكراسیانە و پاك و بێگەرد بەڕێوە بچێت.
ئەمڕۆ چوارشەم 26ـی حوزەیران، لە راگەیەنراوێكی مەحموود محەمەد گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستاندا هاتووە، لە ساڵی 2022 پارتیمان زۆر هەوڵی دا كە پێش تەواوبوونی وادەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان، ڕێكارەكانی پێویست بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەست پێ بكرێت، بەڵام بەداخەوە زۆر ئاستەنگ دروست كران، كە ئەو ئاستەنگانە بە زیانی پرۆسەی سیاسی و یاسایی بۆ هەرێمی كوردستان شكانەوە و رەنگدانەوەی خراپیان بەرانبەر دەسەڵات و مافەكانی هەرێمی كوردستان بەدوای خۆدا هێنا.
گوتەبێژی پارتی دەڵێت، لە دوای ئەوەش هەوڵمان دا ئەو پێشنیارانەی هەبوون، بۆ پەرلەمانی هەڵبژێراو جێبێڵین بۆ چارەسەركردنیان بەشێوەیەكی یاسایی كە ئەمەش ڕێگریی لێ كرا.
باس لەوەش كراوە، لە 18ـی ئادار پارتیمان هەڵوێستی خۆی بۆ جەماوەری تێكۆشەری كوردستان ڕاگەیاند، لەگەڵ دیاریكردن و ئاماژەدان بەو كەموكوڕی و نادادپەروەرییانەی كە هەبوون، چ لە مافی پێكهاتەكان تا كێشەی پەنجەمۆر و هەوڵی بێبەشكردنی سەتان هەزار كەس لە دەنگدان. ئەمانە و چەندان بابەتی تری پێوەندیدار بە رێكارەكانی پرۆسەی هەڵبژاردنەوە، كە دوای ئەم هەڵوێستەی پارتیمان، بەشێك لەو تێبینی و كەموكوڕییانە چارەسەر كران و بەشێكیشیان لە چارەسەركردندان، هەرچەندە هەموو چارەسەرییەكان 100% نەبوون، بەڵام بەشێك لە مافەكان بۆ پێكهاتەكانی كوردستان گەڕایەوە و بابەتەكانی تریش بەشێكی باشیان چارەسەر كراون، بۆیە دوای ڕاگەیاندنی وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پارتیمان دەست دەكات بە ئامادەكارییەكان بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمان. هیوادارین هەڵبژاردنێكی دیموكراسییانە و پاك و بێگەرد بەڕێوە بچێت كە ئاكامەكەی لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستاندا بێت.