کوژران و برینداربوونی شەش کەس لە هێڕش بۆ سەر حەشد و سوپای عێراق لە داقووق

(0) / جهان


Apr 17, 2021

قەبارەی فۆنت:

ئێوارەی ئەمڕۆ لەگەڵ بەربانگدا گرووپێکی چەکدار هێرشیان کردە سەر خاڵێکی حەشدی عەشائیری و سوپای عێراق لە سنووری داقووق و بەهۆیەوە سەربازێکی سوپای عێراق کوژراوە و پێنج کەسیش برینداربوون.
 بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، سەرچاوەیەکی حەشدی عەشائیری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رووداوەکە ئێوارەی ئەمڕۆ لەگەڵ بەربانگدا بووە، چەکدارەکان هێرشیان کردووەتە سەر خاڵێکیان لە سنووری داقووق لەنێوان گوندی ئەلبوشەهاب و سەماحە کە لەئەنجامدا سێ چەکدارییان برینداربوونە.
 بە گوتەی سەرچاوەکەی حەشد، هێرشەکە سەرەتا لە رێگەی 6 کاتیۆشاوە ئەنجامدراوە و دواتر رووبەڕووبوونەوە درووستبووە، جیا لە بریندارەکانی ئەوان، سەربازێکی سوپای عێراق لە لیوای زرێپۆش کوژراوە و دووانی دیکەش برینداربوون.
 ئەو هێزەی حەشدی عەشائیری کە کراونەتە ئامانج، سەر بە خالید موفرەجیان، پەرلەمانتار و سەرکردەی سوننەکانن و فەوجێکیان لە گوندی ئەلبوشەهاب بۆ کراوەتەوە.
 لەبارەی دۆخی تەندروستیی بریندارەکانەوە، دکتۆر گەیلان قادر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئازادیی کەرکووک راگەیاند "دووان لە بریندارەکان رەوانەی کەرکووک کراون و یەکێکیان هێنراوەتە نەخۆشخانەکەی ئەوان کە فیشەک بەر سینگی کەوتووە و خراوەتە ژێر چاودێریی چڕەوە."