لەئەفریقاوە گۆشت بۆ عێراق هاوردە دەکرێت

(0) / / اقتصادی / زایەڵە گۆشت ئابووری


Jul 24, 2024

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە ـ لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانی عێراق ئاماژە بە سێ هۆکاری پشت هاوردەکردنی گۆشتی ئەفریقا دەدات بە مەبەستی دابینکردنی پێداویستییەکانی بازاڕ.

سائیر جبوری ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە: بەپێی بڕیاری وەزارەتی کشتوکاڵ بڕیارە سنوورەکان بەڕووی هاوردەکردنی گۆشتی سوور لە هەندێک وڵاتی ئەفریقاوە بکرێتەوە، لەکاتێکدا ئەو وڵاتانە بەرهەمێکی زۆری گۆشتیان هەیە و هەناردەی دەیان وڵاتی عەرەبی دەکەن، بەمەبەستی پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ناوبازاڕ.

ئەوەشی خستەڕوو، سێ هۆکار وایکردووە وەزارەتی کشتوکاڵ جارێکی دیکە پرسی گۆشتی سوور تاوتووێ بکات، ئەمەش هەوڵێکە بۆ کۆنترۆڵکردنی بەرزی نرخی گۆش کە کاریگەرییەکی نەرێنی کردووەتە سەر چینی هەژار، هەر بۆیە هاوردەکردنی گۆشت بەتایبەتی لەو کاتانەی کە خواست لەسەر گۆشتی سوور بەرزە کاریگەری ئەرێنی دەکاتە سەر بازاڕ.

ئاماژەی بەوەشکرد، پرۆسەی هاوردەکردنی گۆشت چ لە ئەفریقاوە بێت یان لە شوێنێکی دیکە بە چەندین ڕێکاری توندی پشکنین تێدەپەڕێت بۆ دڵنیاییبوونەوە لە سەلامەتییەکەی بۆ خواردنی لەلایەن مرۆڤەوە ئەمە جگە لەوەی هاوردەکردن ڕێکارێکی کاتییە لە چوارچێوەی پڕکردنەوەی پێداویستی بازاڕە تا گرانی بۆ هاووڵاتییان دروست نەبێت.

جبوری لەدرێژی وقسەکانیدا باسی لەوەکرد، عێراق لە دوای ساڵی 2003 بە هۆی وەرزی وشکەساڵی و نەخۆشییە کوشندەکان و نەبوونی پاڵپشتی حکوومەت، بەشێکی زۆری ئاژەڵەکانی لە دەستدا، بەڵام ڕەوتێک هەیە بەرەو وەبەرهێنانی زیاتر لە ئاژەڵەکان، بەتایبەتی کە نرخەکان گونجاون و دەتوانن تێچوونەکان کەمبکەنەوە.

ڕۆژی دووشەممە، وەزارەتی کشتوکاڵ نیازی عێراقی بۆ هاوردەکردنی گۆشت لە وڵاتانی ئەفریقاوە ڕاگەیاند: بۆ پڕکردنەوەی زیادبوونی خواست لەسەر گۆشت لە بازاڕە ناوخۆییەکان.

وەزارەتی کشتوکاڵ ئاشکراشی کردووە، کە وەزیر عەباس جەبر ئەلمالیکی بەم زووانە سەردانی ژمارەیەک وڵاتی ئەفریقا دەکات بۆ کردنەوەی شوێنی نوێی هاوردەکردن بۆ گۆشتی سوور.

جێگای سەرنجە چەند مانگێکە نرخی گۆشتی سوور لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە نرخی یەک کیلۆ گۆشتی بەرخ لەنێوان 20 بۆ 22 هەزار دیناردایە.
کامەران کەریم