لایەنە پەیوەندیدارەكان لە كەركوك گەیشتوونەتە ئەنجامی گرنگ

(0) / / عراق / زایەڵە کەرکوک


Jul 26, 2024

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە - راوێژكارێكی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەڵێت، لایەنە پەیوەندیدارەكان لە كەركوك گەیشتوونەتە ئەنجامی گرنگ و پۆستی پارێزگاریش لە 20 رۆژی داهاتوودا یەكلادەكرێتەوە.

تورهان موفتی، راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق لە لێدوانێكدا بۆ میدیای رەسمیی عێراق رایگەیاند، دیدارەكانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان لە پارێزگای كەركوك گەیشتووەتە ئەنجامی گرنگ و گفتوگۆكان گۆڕاون بۆ وەرەقەی كار.

وتیشی، "گرفتی پارێزگای كەركوك ماوەی حەوت مانگە پەكیكەوتووە و ماوەی 20 ساڵیشە وتوێژی راستەقینە لە پارێزگاكەدا نەكراوە".

تورهان ئەوەشی وت، "خاڵی گرنگ لە پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی كەركوك پۆستی پارێزگارە، لەگەڵ نەرمی نواندن لە پۆستەكانی دیكەدا"، باسی لەوەشكرد "پۆستی پارێزگار لە 20 رۆژی داهاتوودا یەكلادەكرێتەوە".

سەبارەت بەوەش پشكی پارێزگار بۆ كێ دەبێت، راوێژكارەكەی سودانی وتی، "پێشبینی دەكرێت پۆستەكە بە خولی لەنێوان فراكسیۆنەكان، بەتایبەتیش كورد كە خۆی دەبینێتەوە لە (یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان) و عەرەبدا بێت، یان بە خولی لەنێوان هەر سێ پێكهاتەی كورد، عەرەب و توركمان-دا بێت".

لە 11ی ئەم مانگە یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێی پارێزگای كەركوك ئەنجامدرا، لەو وادەیەوە لایەنە براوەكان ماوەی مانگێكیان لەبەردەمدایە بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێی شارەكە و یەكلاكردنەوەی پۆستە كارگێڕییەكانی دیكە.

کامەران کەریم