هاوپەیمانی نێودەوڵەتی: 1400 کەسی مەدەنیمان لەعێراق و سوریا بە هەڵە کوشتووە

(0) / جهان


Apr 18, 2021

قەبارەی فۆنت:

هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش بەسەرۆکایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دانی بەوەداناوە کە لەساڵی ٢٠١٤ وە تاوەکو کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠، لەئەنجامی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژ بە ئامانجەکانی داعش لە عێراق و سوریا، بەهەڵە ١٤١٠ کەسی مەدەنیان کوشتووە.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، هاوپەیمانێتییەکە لەبەیاننامەیەکدا دەڵێت هێزەکانیان لەمانگی ئابی ساڵی ٢٠١٤ تاوەکو کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠، نزیکەی ٢٠ هەزار هێرشی ئاسمانیان دژ بە داعش ئەنجامداوە، کەلەئەنجامدا و بێ مەبەست ١٤١٠ کەسی مەدەنی کوژراون.

باسلەوەشکراوە کە لەوماوەیەدا هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی و هێزە هاوبەشەکان توانیویانە ١١٠ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە لەژێردەستی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لەعێراق و سوریا دەربهێنن و ٧،٧ ملیۆن کەس لەستەم و سەرکەوتکاریی داعش رزگار بکەن.

لەبەیاننامەکەدا جەختکراوەتەوە لەسەر ئەوەی کە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی بەردەوام دەبێت لەکارکردن لەگەڵ هێزە هاوبەشەکان لەعێراق و سوریا، تاوەکو ڕێگە بە داعش نەدرێت دەست بەسەر هیچ ناوچەیەکی تردا بگرێت و هیچ سەرچاوەیەکی داهاتیشی بۆ دووبارە سەرهەڵدانەوە دەستنەکەوێتەوە.

لە مانگی ئابی ٢٠١٤ هاوپەیمانێتییەکی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە ئەندامێتی زیاتر لە ٢٠ وڵات بۆ شەڕی داعش و ڕاگرتنی پێشڕەوییەکانی لە عێراق و سوریا پێکهێنرا ، ئەویش پاش ئەوەی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە دەستی بەسەر ناوچە بەرفراوانی ئەو دوو وڵاتە گرت.

پێشتر دامەزراوەی "راند"ی ئەمەریکی، داوای لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی کردبوو سنوورێک بۆ ئەو زیانانە دابنێن کە لەئەنجامی بۆردوومانە ئاسمانییەکانیان بەر کەسانی مەدەنی دەکەوێت، بۆئەوەش داوای کردبوو چەک و تەقەمەنی وردپێک دابین بکەن کە بەشێوەیەکی ئاستبەرز توانای دەستنیشانکردنی ئامانجەکانی هەبێت.