وەزارەتی پێشمەرگە هەواڵی دابین کردنی  ڤاکسینی کۆرۆنا بۆ هێزەکانی لە لایەن ئەمەریکاوە بە درۆ دەخات

(0) / جهان


Apr 19, 2021

قەبارەی فۆنت:

بەڕێوەبەری کاروباری پزیشکی وەزارەتی پێشمەرگە رەتی دەکاتەوە هیچ جۆرە ڤاکسینێک بۆ هێزی پێشمەرگە دابین کرابێت.

 بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، لەسەر دەنگۆی دابینكردنی ڤاكسین بۆ هێزەكانی پێشمەرگە، رزگار علی بەڕێوەبەری کاروباری پزیشکی وەزارەتی پێشمەرگە، لەو بارەیەوە رایگەیاند، بڵاوبوونەوەی هەواڵی دابین کردنی ڤاکسین لە لایەن ئەمریکاوە لە چەندین ماڵپەرو کەناڵی میدیایی، بۆ لیوا تایبەتەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، هەواڵێکی ناڕاستە.

بەڕێوەبەری کاروباری پزیشکی وەزارەتی پێشمەرگە دوپاتی کردەوە، کە سەرچاوەی فەرمی کاروباری تەندروستی لە وەزارەتی پێشمەرگە ئێمەین و لەوبارەیەوە هیچ هەواڵێکمان پێنەگەیشتووە، هەر چەندە ئێمە بەڕێوەبەرایەتی کاروباری پزیشکی، داوامان لە هاوپەیمانان کردووە، بۆئەوەی ڤاکسین دابین بکەن بۆ هێزەکانمان، بەڵام تا ئێستا ئەم داوایە وەڵام نەدراوەتەوە.

وتیشی، هەرکاتێک وەڵامێکی ئەرێنیمان وەرگرت و ڤاکسینمان بەدەست گەیشت، ئەو کات بۆ کەناڵەکانی میدیا وخوشک و برا پێشمەرگەکانمان ڕایدەگەیەنین، جگە لەمە ئەوەی لەماڵپەڕو کەناڵەکانی میدیا بڵاوکراوەتەوە، دورە لەراستیەوە.