بەبۆنەی ساڵوەگەڕی کۆچی دوایی؛ سوارە ئیلخانیزادە ھۆنڕاوەنووسێکی بەناوبانگی کوردی ئێرانی

(0) / فرهنگی


Jan 14, 2021

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - سواره‌ کوڕی ئه‌حمه‌د ئاغا، کوڕی حاجی باییز ئاغای ئێلخانیزاده‌یه‌. ساڵی 1937 له‌ گوندی تورجان (که‌ ده‌که‌وێته‌ نزیک شاری بۆکان) له ‌دایکبوه‌. هێشتا منداڵ ده‌بێت که‌ عیسمه‌ت خانمی دایکی کۆچی دوایی ده‌کات‌. هه‌ر له‌و ده‌مه‌دا ماڵیان بۆ گوندی قه‌ره‌گوێز ده‌گوێزنه‌وه‌. له‌وێ باوکی ژنێکی دیکه‌ ده‌هێنێت. ئه‌و ژنه‌ بۆ سواره‌ و خوشک و براکه‌ی وه‌ک دایکی ڕاسته‌قینه‌ واده‌بێت‌.
هاوینی ساڵی 1954 له‌ قه‌ره‌گوێزه‌وه‌ بۆ بۆکان بارده‌که‌ن و له‌وێ نیشته‌جێ ده‌بن‌. له‌ پاییزی ئه‌و ساڵه‌دا سواره‌ دوچاری نه‌خۆشییه‌کی سه‌خت ده‌بێت و سێ ساڵ له‌جێدا ده‌یخات. کاتێک ده‌که‌وێته‌وه‌ سه‌رخۆی، سواره‌که‌ی جاران نامێنێت و لاواز و بێهێز ده‌بێت. به‌و حاڵه‌شه‌وه‌ به‌رده‌وام ده‌چێته‌ قوتابخانه‌ و چه‌ند ساڵ له‌ بۆکان ده‌خوێنێت. پاشان ده‌چێته‌ ته‌ورێز و له‌وێ درێژه‌ به‌ خوێندن ده‌دات. ساڵی 1962 بڕوانامه‌ی دیپلۆم وه‌رده‌گرێت و به‌شداریی تاقیکردنه‌وه‌ی زانکۆی تاران ده‌کات. سه‌ره‌نجام له‌ کۆلێژی حقوق له‌ به‌شی قه‌زایی وه‌رده‌گیرێت. له‌و سه‌روه‌خته‌دا کۆمه‌ڵێک ڕوناکبیری کورد له‌ ڕیزی ڕێکخراوێکی نهێنیی به‌ناوی «یه‌کێتی خوێندکارانی کورد له‌ زانستگاکانی ئێران» تێده‌کۆشن. سواره‌ش وه‌ک خوێندکارێک و وه‌ک کوردێکی خاوه‌ن هه‌ڵوێست و چالاک ده‌بێته‌ ئه‌ندام تیایدا. هه‌ر له‌و ده‌مه‌دا له‌گه‌ڵ کیژێکی ئازه‌ری نیشته‌جێی شاری بۆکان به‌ ناوی «ڕوقیا» که‌ چه‌ند ساڵ ئه‌وینداری یه‌کتر بون، خێزان پێکده‌هێنن و به‌رهه‌می ئه‌و هاوسه‌رییه‌ کوڕێک ده‌بێت به‌ناوی «بابه‌ک».
ساڵی 1968 خوێندنی زانکۆ ته‌واوده‌کات. هه‌ر له‌و ده‌مه‌دا له‌ به‌شی کوردی ڕادیۆی تاران وه‌ک کارمه‌ند داده‌مه‌زرێت. له‌و ڕادیۆیه‌دا به‌رنامه‌یه‌کی ئه‌ده‌بی و ڕۆشنبیریی به‌ناوی «تاپۆ و بومه‌لێڵ» پێشکه‌ش ده‌کات. ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ گوێگرێکی زۆری ده‌بێت و به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ سواره‌ له‌نێو توێژێکی به‌رینی خه‌ڵکی کوردستاندا ده‌ناسرێت.
به‌شی زۆری ته‌مه‌نی سواره‌ ململانێ ده‌بێت له‌گه‌ڵ نه‌خۆشیدا. ئه‌وه‌نده‌ی که‌ له‌ بیماری و له‌شبه‌باریدا ده‌ژی، ئه‌وه‌نده‌ له‌شی ساغ و ئاسوده‌ به‌خۆیه‌وه‌ نابینێت. به‌ڵام سه‌رباری ئه‌و ژیانه‌ سه‌خت و ناهه‌مواره‌، هه‌رده‌م وره‌به‌رز و به‌ بیروباوه‌ڕ ده‌بێت. ڕۆژی 12/1/1976 له‌کاتێکدا که‌ سواره‌ به‌ره‌و ماڵ ده‌ڕواته‌وه‌،  لە لایەن ھاوکارێکی خۆیەوە بەر ماشێن دەدرێ . به‌ڵام ئه‌و پێی واده‌بێت که‌ ئازارێکی که‌می گه‌یشتوه‌ و هیچی لێنه‌هاتوه‌. ئیدی ده‌یبه‌نه‌وه‌ ماڵه‌که‌ی خۆی. ورده‌ ورده‌ ئازاری له‌شی زیاد ده‌کات. پاش دو ڕۆژ ده‌یبه‌نه‌ خه‌سته‌خانه‌ی «میساقیه‌»ی تاران. کاتێک دوکتۆر لێیده‌کۆڵێته‌وه‌، ده‌ڵێت توشی زه‌ردویی بوه‌. دواتریش گومانی نه‌خۆشی سه‌ره‌تانی لێده‌که‌ن. بۆیه‌ بڕیار ده‌ده‌ن که‌ نه‌شته‌رگه‌ریی بۆ بکه‌ن. به‌ڵام به‌رگه‌ی نه‌شته‌رگه‌رییه‌که‌ ناگرێت و ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ 14/1/1976 دڵی له‌لێدان ده‌که‌وێت. ڕۆژی دواتر کۆمه‌ڵێک له‌ خزمان و دۆستان و ڕوناکبیرانی کوردی تاران، ته‌رمه‌که‌ی بۆ بۆکان ده‌به‌نه‌وه‌ و له‌ مه‌راسیمێکی پڕ ڕێز و شکۆدا له‌ گۆڕستانی  و  گومبەزی گوندی حەمامیان لە سەر بەرزاییکی وەک نالەشکێنە بەخاکی دەسپێرن، زیرەک و سوارە لە سەر دوو بەرزاییەوە دەڕواننە یەک .سوارەی ژین کورت بە تەمەن درێژی لە ناو فەرھەنگ و ئەدەبیاتدا دەمێنێتەوە، بە تایبەت ئەدەبیاتی گەلەکەی خۆیدا.
ئه‌گه‌رچی سواره‌ زیاتر وه‌ک شاعیر ناوده‌رده‌کات، به‌ڵام له‌ ڕاستیدا ده‌ستێکی باڵای له‌ په‌خشان و وتاری ئه‌ده‌بی و چیرۆک و شانۆنامه‌نوسینیشدا ده‌بێت و گه‌لێک به‌رهه‌می ناوازه‌ و سه‌نگین ده‌نوسێت، که‌ به‌شی زۆریان تا ئێستاش به‌ ده‌ستنوسیی ماونه‌ته‌وه‌. به‌رهه‌مه‌کانیشی به‌ناوی «سواره‌، ئازاد و پ. ئه‌هورا»وه‌ بڵاوده‌کاته‌وه‌.
شێعر و نووسراوەکانی لە گۆڤارە بە ناوبانگەکانی ئەو سەردەمەی ئێران سخن و کوردستاندا چاپ کراون
“ خەوە بەردینە‌ ، شار، کچی بەیان“ ئەسکەندەر شاخی ھەیە، کەویار“ تاکە شێعر و پەخشانی بەناوبانگن، شانۆنامەی “ سەیدەوان“ و لێکۆڵینەوەکانی لە مەڕ ئەدەبیاتی کوردی بە تایبەت ئەدەبیاتی زارەکی کوردی لە تەک شێعرەکانی فارسی دا ھێزوتوانای شاعیر و نووسەر و رۆشنبیرێک دەنووینن کە جێگای ھەردەم سەوز دەمێنێ.
تاپۆبۆمەلێڵ لە تاران و رۆژێک لە رۆژان لە بەغدا دوو پروگرامی بەپێز و ڕەنگین بوون کە لە ھەر دووک لا باشترین دەنگەکانی شێعر و ئەدەبیاتی کوردیان بڵاو دەکردەوھ، لەوێ کوردستان موکریانی و عەبدوڵا پەشێو دەنگیان ھەڵدەبڕی، لێرەش عەلی حەسەنیانی و فاتخ شێخ ئولئیسلامی!
سوارە ئیلخانی زادە(سوارە)، عەلی حەسەنیانی(ھاوار) و فاتح شێخ ئولئیسلامی(چاوە) سێ چوکڵەی شێعری نوێی کوردی لە کوردستانی ئێران پێکدەھێنن و ئەوانە لە گەڵ عومەر سوڵتانی(وەفا) مەیدانی شێعری کوردییان پان و بەرینتر و ڕەنگین تر کرد!
 ئەوەش بگوترێ تاقانە کوڕی سوارە لە تەمەنێکی کورتدا لە ھولەند دڵی لە وەستان دەکەوێ وداستانێکی تراژیک وەک سەیدەوان بە چەشنێکی تر لە یاددا دروست دەکا.
بەرهەمەکانی سوارە
بەرھەمی چاپکراوخەوە بەردینە (سەرجەمی شێعرەکانی کوردی و فارسی)
تاپۆ و بوومەلێڵ (بەرھەمی پێشکەشکراو لە ڕادیو کوردی تاران).
کۆتایی/.