هەر کەسێک لە هەولێر ماسک نەبەستێت سزا دەدرێت
(0) /
ژووری ئۆپهراسیۆنی پارێزگای ههولێر راگەیێندراوێکی لەبارەی رێکارە نوێکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا بڵاوکردەوە و دەڵێت، هەرکەسێک رەچاووی بەستنی (دەمامک) و رێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا نەکات، رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەبێتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، بهسهرپهرشتی هێمن قادر، پارێزگاری هەولێر بەوەکالەت و بەئامادەبوونی عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر و تەواوی ئەندامانی ژووری ئۆپەراسیۆن، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 17-01-2021 لەدیوانی پارێزگا کۆبووە و کۆبوونەوەکەش گەیشتە ئەم بڕیارانەی لای خوارەوە:
یەکەم: ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، وێڕای پابەندبوونی بە بەیانی ژمارە (1)ی ساڵی 2021ی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرجەم بڕگەکانی، بڕیاریدا دوو لێژنە بەسەرپەرشتی پارێزگای هەولێر و ئەندامیەتی هەریەک لە نوێنەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی هەولێر پێکبهێنرێت، بۆ چوونە ناو ناوەندەکانی خوێندن و چاودێریکردنی قوتابیان و خوێندکاران بۆ پابەندبوونیان لە بەکارهێنانی (دەمامک) و جێبەجێکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی و رێنماییە تەندروستییەکان.
دووەم: پێکهێنانی لێژنەیەک بۆ سەردانیکردنی فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییە حکومییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر و چاودێریکردنی فهرمانبهرانیان لەکاتی دەوام بۆ پابەندبوونیان لە بەکارهێنانی (دەمامک) و جێبەجێکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی و رێنماییە تەندروستییەکان، هەروەها گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو هاووڵاتی و موراجعانەی کە بۆ راییکردنی مامەڵەکانییان بهبێ بهستنی (دهمامك) دەچنە ناو فهرمانگهکان.
سێیەم: داوا لە هاووڵاتییانی سنووری پارێزگای هەولێر دەکەین، لەپێناو سەلامەتی خۆیان و ئازیزانیان بەو پەڕی هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی، پابەندبن بە رێنماییە تەندروستییەکان و رێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا، بەتایبەتی بەستنی (دەمامک)، هەرکەسێک رەچاووی بەستنی (دەمامک) و رێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا نەکات، رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەبێتەوە.
چوارەم: هەموو ئەو شوێنانەی کە کراوەن، (مۆڵ، مارکێت، شوێنە بازرگانییەکان، بازاڕ و چێشتخانه)، پێویستە تەواوی مەرجە تەندروستییەکان و رێکارەکانی خۆپارێزی جێبەجێبکەن لەبەستنی (دەمامک، دووری مەودای نێوان هاووڵاتییان، دروستنەکردنی قەرەباڵخی، دانانی هێمای نۆرەی هاووڵاتییان لەسەر زەوی بەتایبەتی لای کاشێری مۆڵ و مارکێتەکان و پێشوازی هوتێل و موتێلەکان)، ههرشوێنێك ئەم رێنماییانە بەتایبەتی بەستنی (دەمامک) جێبهجێنهكات، لێژنەی قایمقامییەتەکان، تیمەکانی تەندروستی، شارەوانی، چاودێری بازاڕ، هێزە ئەمنییەکان راسپێردراون، دهستبهجێ شوێنەکە دادەخەن.
پێنجەم: هۆشداری دەدەینە سەرجەم شۆفێرانی (تایبەت، بارهەڵگر و کرێ) لەکاتی هەبوونی سەرنشین لەگەڵیاندا پابەندی رێناماییە تەندروستییەکانبن و خۆیان و سەرنشینەکانیان (دەمامک) ببەستن، هەر کەسێک سەرپێچی لەم بڕیارە بکات، لەلایەن پۆلیسی هاتووچۆ رێکاریی یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر بەپێبژردن و دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلەکەی.
شەشەم: ئەم شوێنانە لە کاژێر 12ی شەو دادەخرێن: یانهی شهوانه، نێرگهلهكێشان، یانهكانی مهی خواردنهوه (باڕ)، موزیك لایف، ئاههنگی شهوانەی یانەکان.
حەوتەم: ئەم شوێنانە بەداخراوی دەمێنەوە: هۆڵهكانی بووكگواستنهوه، ههموو جۆرە گردبوونەوە و کۆنفرانس و کۆبوونەوەیەک.
ههشتهم: پرسەدانان لە (هۆڵ،ماڵ و ژێرخێوەت) و مەراسیمی سەرقەبران قەدەخەیە، بنکەی پۆلیس و موختاری گەڕەک بەرپرسیارن، هەرکەسێک پابەندنەبێت، رێکاریی یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.
نۆیەم: هاوینەهەوار و شوێنە گەشتییارییەکان، دەبێت رەچاوی رێکارەکانی خۆپارێزی بکەن و خۆیان و گەشتییارانیان پایەندبن بە بەستنی (دەمامک)، هەرشوێنک پابەند نەبێت، رێکاریی یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.
ئەمڕۆ یەکشەممە 17-1-2021 وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماری 24 کاژێری رابردووی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنای بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەو ماوەیەدا 110 تووشبووی نوێی ڤایرۆسەکە دەستنیشانکراون، سێ تووشبوو مردوون و 971 تووشبوو چاکبوونەتەوە.
ئێستا ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 1105 هەزار و 74 کەس. لەو ژمارەیە 86 هەزار و 785 کەس چاکبوونەتەوە و سێ هەزار و 439 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
تێبينيێك بنێرە: