کاردانەوەی وتەبێژى سەربازیی کازمی بە گرژی نێوان پێشمەرگە و پەکەکە

(0) / عراق


Jun 06, 2021

قەبارەی فۆنت:

وتەبێژى فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکانى عیراق راگەیەندراوێکی لە سەر گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان و پەکەکە بڵاوکردەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، لیوا یەحیا رەسوڵ، وتەبێژى فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکانى عیراق لە کاردانەوە بە هێرش کردنە سەر پیشمەرگە، رایگەیاند "ئیدانەى ئەو دەستدرێژییە تیرۆریستییە ترسنۆکانە دەکەین کە کرایە سەر یەکەیەکى سەربازى عیراقى لە هێزەکانى پێشمەرگە لەسەر رێگەى چیاى مەتین لە پارێزگاى دهۆک لەسەر دەستى هێزێکى چەکداریى ناعیراقى".

ئاماژەی بەوەش کردووە: "هێزە ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە دەستپێکردووە و هەرکەس دەستدرێژى بکاتە سەر خوێنى عیراقییەکان و ئاسایشیان ئەوا سزاى دادپەروەرانە وەردەگرن، سەرەخۆشى لە کەسوکارى ئەو پێنج پێشمەرگە دەکەین کە شەهیدبوون و نزاى زوو چابوونەوە بۆ بریندارەکانیش دەکەین".

وتەبێژى فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکانى عیراق دەڵێت "جەخت لە سەپاندنى سەروەرى عیراق لە سەرجەم خاکى عیراق و رێگرتن لە هەر پێشێلکارییەک ناوخۆیى بێت یاخود دەرەکى دەکەینەوە، بەپێى بنەکانى دەستوور رێگە نادرێت عیراق بکرێتە ناوچەیەک بۆ هێرشکردنە سەر دراوسێکانى".