قوباد تاڵەبانی: دۆخەکە وادەخوازێت هەموو لایەکمان بەرپرسیارانە مامەڵە بکەین

(0) / کردستان


Jun 07, 2021

قەبارەی فۆنت:

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ئێستا هەموو لایەکمان لەبەردەم بەرپرسیارێتییەکی گەورەداین و دەبێت هەموو هەوڵێکمان بە ئاراستەی چارەسەرکردن بێت نەک ئاڵۆزترکردنی دۆخەکە.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "گەلەکەمان لە رابردوودا تاڵی و ناخۆشی زۆری بینیوە بەهۆی ئاڵۆزی و شەڕی نێوان لایەنە کوردییەکانەوە، بۆیە حەق نییە ئەم گەلە خێرنەدیوە لەوە زیاتر تووشی دڵەڕاوکێ و نیگەرانی بکرێت."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "دۆخەکە وادەخوازێت هەموو لایەکمان لە قسە و کردار و هەڵوێستماندا بەرپرسیارانە مامەڵە بکەین و لەم دۆخەدا لە هەمووكات زیاتر پێویستمان بە یەكڕیزی و بیركردنەوەی ورد و دان بەخۆداگرتن هەیە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان و گەلی كورد بەگشتی لەو مەترسیانەی هەن پارێزراوبێت."
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "بەرهەمی ئاڵۆزی و ناکۆکییەکانی رابردوومان تەنیا شکست و بێهیوایی بووە بۆ گەلەکەمان، تا ئێستاشی لەگەڵدابێت ئێمە باجی شەڕی خۆکوژی و ئاڵۆزییەکانی رابردوومان دەدەین. ئەگەر لەم قۆناغەشدا بەردەوام بین لەسەر هەڵە کوشندەکانی رابردوو بێ گومان دەرەنجامەکەی شکست و بێهیواییەکی گەورەتر دەبێت بۆ هەموو کورد."
قوباد تاڵەبانی راشیگەیاندووە، بۆیە ئێستا هەموو لایەکمان لەبەردەم بەرپرسیارێتییەکی گەورەداین و دەبێت هەموو هەوڵێکمان بە ئاراستەی چارەسەرکردن بێت نەک ئاڵۆزترکردنی دۆخەکە؛ با ژیرانە و خەمخۆرانە و کوردانە و بەرپرسیارانە کێشەکان چارەسەر بکەین.