فه‌رمانده‌یه‌كى پێشمە‌رگە: هێرشى سه‌ر پێشمه‌رگه بە F16 یان درۆن بووە / پیلان بۆ ھە‌ڵگیرساندنی شە‌ڕی كوردكوژی هەیە
فه‌رمانده‌یه‌كى سه‌ربازیی یه‌كێتى زانیاریی ئاشكراده‌كات له‌باره‌ى ئه‌و هێرشه‌ى ڕۆژى شه‌ممه كرایه‌سه‌ر هێزێكى زێره‌ڤانى له‌مه‌تیناى بادینان، ده‌شڵێت:"بە‌گوێرە‌ی وته‌ى پێشمه‌رگه برینداره‌كان‌و وێنە‌كانیش، لە‌ئاسمانە‌وە موشە‌كی فڕۆكه‌ى (F16)ی بە‌ركە‌وتوه یان موشه‌كى فڕۆكە‌ی بێ فڕۆكە‌وان".
بە‌پێی ڕاپۆرتی زایەڵە، قادر خۆرانى فه‌رمانده‌ى پێشمه‌رگه له‌فه‌یسبوكى خۆى نوسیویه‌تى:"بە‌پێی شارە‌زایی خۆم لە‌ژیانی پێشمە‌رگایە‌تی‌و سە‌ربازیی وە‌ك ئە‌وه‌ی وێنه‌كان دە‌بینم، ئە‌و زریپۆشە‌ى پێشمه‌رگه كه لە‌جۆری (باجە‌ر)ه، بۆخۆم بینیومە (RPG) نایبڕێ، چونكه دیوارە‌كانی زۆر پتە‌وو بە‌ھێزە".
ده‌شڵێت:"لە‌ھە‌ر چوارلاوە یە‌ك فیشە‌كی بە‌رنە‌كە‌وتوه‌و پێكراوی موشە‌كی (RPG) یان ھە‌ر جۆرە موشەكێكی تری زە‌مینی بوایە، دە‌بوایە بە‌چوار دە‌وری كە‌وتبوایە یان تایە‌كانی پە‌نچە‌ربوایە، نه‌ك سه‌قفه‌كه‌ى".
خۆرانى وتویه‌تى:"بە‌گوێرە‌ی وتە‌ی پێشمە‌رگە بریندارە‌كانیش بێ كە لە‌نە‌خۆشخانە‌ن یه‌كێكیان دە‌ڵێت:"شە‌ڕ نە‌بوو، لە‌ناكاو ساروخێك بە‌سە‌قفی زریپۆشە‌كە كە‌وت‌و بە‌گوێرە‌ی وێنە‌كانیشبێ دیارە كە لە‌ئاسمانە‌وە موشە‌كی فڕۆكه‌ى (F16)ی بە‌ركە‌وتوه یان موشه‌كى فڕۆكە‌ی بێ فڕۆكە‌وان".
قادر خۆرانى ته‌ئكیدده‌كاته‌وه، "بە‌بۆچونی خۆم، ئه‌وه‌ى ڕویدا كردە‌وە‌یه‌كی تیرۆریستیە، یان به F16 یان درۆن لە‌لایە‌ن ھێزێكی تیرۆریستی دژی ھێزی پێشمە‌رگە‌ی كوردستان ئە‌نجامدراوە‌و ئامانجیش لێى سیاسییه".
ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ى سه‌ربازییه‌ى یه‌كێتى له‌كۆتاییدا ده‌ڵێت:"داواكارم لە‌خوای گە‌ورە شیفای بریندارە‌كان بدات‌و ھە‌زار ڕە‌حمە‌تیش لە‌گیانی پاكی سە‌رجە‌م ئە‌و پێشمە‌رگا‌نە‌ی كە بە‌ھۆی ئە‌و كردە‌وە چە‌پە‌ڵ‌و تیرۆریستیە تیرۆركران، ئە‌وان شە‌ھیدی ڕاستە‌قینەو قوربانی پلانێكی چە‌پە‌ڵن كە ئامانج لێی ھە‌ڵگیرساندنی شە‌ڕی كوردكوژی‌و وێرانكردنی ھە‌رێمی كوردستانە".
تێبينيێك بنێرە: